رووداو دیجیتاڵ
ئەندامی شاندی ئیمراڵی پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، ئەو خانووەی لە ئیمراڵی دروستکراوە، بۆ ئەوە بووە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دۆخێکی گونجاودا کار و کۆبوونەوەکانی بەڕێوەببات و خانووەکەش بەشێکە لە گرتووخانەکە.
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، لەبارەی لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و دەنگۆی دروستکردنی "ڤێللا بۆ ئۆجەلان" راگەیاند، پێناسەکردنی باڵەخانە نوێیەکەی ئیمراڵی وەک "ڤێللا" لەناو رای گشتیدا دوورە لە راستییەوە. ئاماژەی بەوە کرد کە وەک شاندی ئیمراڵی دوو رۆژ لەمەوبەر سەردانی دوورگەکەیان کردووە و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەتەوە و دەڵێت، ئەو خانووە دەکەوێتە ناو گرتووخانەکەوە و بۆ دابینکردنی دۆخێکی گونجاوی کارکردن ئامادەکراوە.
بوڵدان، باسی لەوەش کرد، باڵەخانەکە بۆ ئەوە ئامادەکراوە کە ئۆجەلان لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا بتوانێت لە دۆخێکی گونجاودا کار و کۆبوونەوەکانی بەڕێوەببات و جەختیشی کردەوە کە بەکارهێنانی وشەی "ڤێللا" دوورە لە راستییەوە.
ئەندامەکەی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی گوتی: "خانووەکە بەشێکە لە گرتووخانەکە و ئامانج لێی ئەوەیە ئۆجەلان لە پرۆسەی چەکدانان و بەسیاسیکردندا رۆڵی هەبێت لە کۆبوونەوەکاندا."
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆجەلان هێشتا بۆ باڵەخانە نوێیەکە نەگواستراوەتەوە. گوتیشی: "ئۆجەلان پێویستی بە تیمێکی کارکردن هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت باڵەخانە نوێیەکە بەکاربهێنێت، بۆیە هێشتا پرۆسەی گواستنەوەکە ئەنجام نەدراوە."
گفتوگۆی "ڤێللا بۆ ئۆجەلان" دوای لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە هات کە رایگەیاندبوو، خانوویەکی نوێ لە ئیمراڵی بۆ ئۆجەلان ئامادە دەکرێت. باخچەلی لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە خانووەکە لە رووی مرۆییەوە گونجاوە بۆ ژیان.


.jpg&w=3840&q=75)