رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە گوایە لە دوورگەی ئیمراڵی "ڤێللا" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دروستکراوە، ئاشکراشی کرد کە لەنێو کۆمەڵگەی گرتووخانەکەدا تەنیا خانوویەکی 250 مەتری دروستکراوە تاوەکو چاوپێکەوتنەکانی تێدا بکات و پەیامەکانی بگەیێنێت؛ تەنانەت دەشڵێت: "پێویست بکات با لەگەڵ رۆژنامەڤانانیش دابنیشێت."
ئەم لێدوانەی باخچەلی دوای ئەوە دێت کە ناگیهان ئاڵچی، رۆژنامەڤانی تورک رایگەیاندبوو، لە ئیمراڵی ڤێلایەک بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دروستکراوە.
سەرۆکی مەهەپە لە وەڵامدا گوتی: "ماوەیەک لەمەوبەر رۆژنامەڤان ناگیهان ئاڵچی هاتبوو، ئەم خانمە وا تێگەیشتووە کە ڤێللا دروستکراوە؛ شتێک بە ناوی ڤێللاوە نییە، بەڵکو خانوویەکی 250 مەتر چوارگۆشەییە و هەر لەنێو کۆمەڵگەی گرتووخانەکەدایە کە دوورگەیەکە و چواردەوری ئاوە."
باخچەلی باسی لە رۆڵی ئۆجەلان لە پرۆسەی چارەسەریدا کرد و گوتی: "عەبدوڵڵا ئۆجەلان 26 ساڵە لە زینداندایە و تەمەنی هەڵکشاوە، لەم قۆناغەدا هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکە گرنگە. لێدوانەکەی لە 2025 و لە شوباتی 2026 وەک یەکن؛ بۆ کۆتاییهێنان بە رێکخستنەکە، پشتگیریی ئەو زۆر بەنرخە."
سەبارەت بە هۆکاری دروستکردنی ئەو خانووەش، سەرۆکی مەهەپە روونیکردەوە: "ئەو شوێنە بۆ ئەوە دروستکرا تاوەکو بتوانێت چاوپێکەوتنەکانی تێدا بکات و پەیامەکانی بدات، کاتێک پێویست بکات با لەگەڵ رۆژنامەڤانانیش دابنیشێت. دەبێت ئەم دەرفەتانە بدرێن و دەشدرێن."
دەوڵەت باخچەلی هەڵوێستی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆککۆماریی تورکیا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، بەربژێریان رەجەب تەیب ئەردۆغانە، گوتیشی: "شەش ساڵی داهاتوومان زۆر گرنگن و کارێکی زۆر هەیە کە دەبێت بیانکەین."
.jpg&w=3840&q=75)


