رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی تورکیا دەیان کەسی دەستگیرکرد کە دژی هەڵمەتێکی سەرتاسەری بۆ سەر هاوڕەگەزخوازان (LGBTQ) خۆپێشاندانیان دەکرد، ئەمەش تووڕەیی ئۆپۆزیسیۆن و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە.
رۆژی سێشەممە 15-09-2026 خۆپێشاندەران لەبەردەم دادگەی سەرەکیی چاغڵایان لە ئیستەنبووڵ لەژێر چاودێرییەکی تووندی پۆلیسدا کۆببوونەوە و درووشمەکانی "بژی تێکۆشان بۆ ئازادی!"، "دەستبەجێ دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەن!" و "سەرەڕای رق و کینە، بژی ژیان!"یان دەگوتەوە. پارێزەرەکانیان رایانگەیاند، تاوەکو نیوەڕۆ 91 کەس دەستگیرکراون.
خۆپێشاندانەکە دوای ئەوە هات، کۆتایی هەفتە پۆلیس هەڵمەتێکی فراوانی پشکنینی لە چەند شارێک کرد و دەیان کەسی دەستگیرکرد، کە بە گوتەی حکومەت بەشێکە لە دەستپێشخەرییەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەناوی "دەیەی خێزان".
کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان لە تورکیا رووبەڕووی گوشاری زیاتری دەسەڵاتداران بوونەتەوە و ئەردۆغان بە "بزووتنەوەیەکی لادەر" وەسفیان دەکات.
لە ئیستەنبووڵ، پۆلیس گەمارۆی خۆپێشاندەرانی دا و لە رێگەی بڵندگۆوە چەندین جار هۆشداریی پێدان کە کۆبوونەوەکەیان "نایاساییە."
خۆپێشاندەرێکی تەمەن 44 ساڵ، کە لە ترسی سزادان تەنیا بە ناوی 'زەینەب' خۆی ناساند، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "زۆر تووڕە، بێهیوا و نیگەرانم. ماوەیەکی زۆرە چاودێریی دۆسیەکانی پەیوەست بە دادپەروەری لە تورکیا دەکەم، ئەوەی ئێستا دەیبینین زۆر جێگەی نیگەرانییە."
هەروەها گوتی: "ئەم کەسانە هیچ تاوانێکیان نەکردووە بە تەنیا لەبەر ئەوەی خۆیانن، یان بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ بۆ خۆیان یان کەسانی دیکە دەکەن. پێموایە وەک کۆمەڵگە ئێمە زۆر ماندوو، زۆر خەمبار و زۆر تووڕەین. بەردەوام دەبینین خەڵکی بێتاوان دەکرێنە ئامانج، لە کاتێکدا ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە تاوانی زۆر گەورەتر، لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکرێت."
سەندیکای رۆژنامەڤانانی تورکیا بڵاویکردەوە، دوو رۆژنامەڤان کە یەکێکیان بۆ رۆژنامەی بیرگون و ئەوی دیکەیان بۆ تەلەڤیزیۆنی ARDـی ئەڵمانی کار دەکەن، لە کاتی رووماڵکردنی خۆپێشاندانەکەدا دەستگیرکراون. سەندیکاکە لە ئێکس نووسیویەتی: "ئێمە بەتاوانناساندنی کاری رۆژنامەڤانی قبووڵ ناکەین."
فەریدە ئەراڵپ، چالاکڤانی فێمینیست گوتی، سەندیکاکانی کرێکاران، گرووپەکانی دیموکراسی، رێکخراوەکانی ژنان، فێمینیستەکان و گرووپەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن بەشدارییان لە بانگەوازی خۆپێشاندانەکەدا کردووە. ئەو چالاکڤانە روونیکردەوە: "ئێمە لەبەردەم دادگەی چاغڵایان کۆبووینەوە بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو کارە نایاسایی، نادادپەروەرانە و هەڵمەتی رق و کینەیە، بەڵام دەسەڵاتداران رێگرییان لە کۆبوونەوەکە کرد و بەزۆر هاوڕێکانمانیان دەستگیرکرد."
خۆپێشاندانەکان دوای ئەوە دەستیان پێکرد، رۆژی یەکشەممە دەیان کەس لە باڕەکان و ماڵی چالاکڤانانی هاوڕەگەزخوازان بە تۆمەتی "بێڕەوشتی"، "یارمەتیدانی لەشفرۆشی" و هەبوونی "پەیوەندیی دارایی لە دەرەوەی وڵات" دەستگیرکران. هەروەها دەسەڵاتداران وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەناوی "خێزانەکەم سەلامەتە،" هەژمارەکانی سۆشیاڵ میدیای سەر بە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و دەزگەکانی راگەیاندنیشیان داخستووە.
یەکێتیی ئەورووپا رۆژی دووشەممە نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە دەستگیرکردنەکان دەربڕی و داوای لە ئەنقەرە کرد رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت.
زەینەڵ ئەمرە، گوتەبێژی پارتی نوێ (یەنی پارتی) کە پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئێمە قبووڵ ناکەین سیستمی دادوەری وەک ئامرازێک بۆ سزادانی بەکۆمەڵ لەسەر بنەمای ئاراستە و ئارەزووە سێکسییەکانی خەڵک بەکاربهێنرێت."
دەم پارتی رۆژی سێشەممە سەرکۆنەی دەستگیرکردنەکانی کرد و رایگەیاند، "سەرکوتکردن" پرۆسەی ئاشتی لاواز دەکات کە پارتەکە نێوەندگیریی تێدا دەکات لە نێوان ئەنقەرە و چەکدارانی پەکەکە. پارتەکە لە ئێکس نووسیویەتی: "زمانی ئاشتی ناتوانێت شانبەشانی سەرکوتکردن بڕوات."
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە: "ئەمە هێرشێکی سەرتاسەرییە بۆ سەر مافەکانی هاوڕەگەزخوازان و ئەو کەسانەی پشتگیرییان دەکەن." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکەن کۆتایی بەم شەپۆلی سەرکوتکردنە بهێنن و دڵنیایی بدەن لە ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو ئەوانەی دەستگیرکراون و گەرەنتی بکەن کە مافەکانیان بەبێ جیاکاری پیادە بکەن.
لە بەرامبەردا، ئاکن گورلەک، وەزیری داد بەڵێنی داوە بەردەوام بێت لە هەڵمەتەکە و نیگەرانییەکانی یەکێتیی ئەورووپاشی رەتکردەوە. هەرچەندە پەیوەندیی هاوڕەگەزخوازی لە تورکیادا تاوان نییە، بەڵام دژایەتیکردنی هاوڕەگەزخوازان بەربڵاوە.


.jpg&w=3840&q=75)
