رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ گەنجان لە شاری سامسون، لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە رایگەیاند، ئامانجیان هێنانەدی کەشێکی ئارامە لە تەواوی ناوچەکەدا.
ئەردۆغان لە چوارچێوەی بەرنامەی "کۆبوونەوەی گەنجان" لە شاری سامسون، دوای پێشکەشکردنی گوتارێک، وەڵامی پرسیاری گەنجانی دایەوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاریگەریی پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند: "کێشەکانمان لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لەڕووی تیرۆرەوە زۆر گەورە بوون. بەڵام سوپاس بۆ خودا، ئێستا لەوێ چیدی شتێک بەناوی تیرۆر نەماوە."
مەبەست لە ناوچەکانی ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، پارێزگاکانی باکووری کوردستانە.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، ژیان لە کوێستان و لەوەڕگەکانی ئەو ناوچانەدا ئاسایی بووەتەوە و گوتی: "لەوەڕگاکان جووڵەیان تێکەوتووە و زیندوون. ئیدی براکانم لە باشووری رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ دەتوانن بە ئاسوودەیی بچنە ئەو شوێنانە. دەتوانن بە ئارامی ئاژەڵە بچووک و گەورەکانیان بلەوەڕێنن. بێگومان ئەم دۆخە ئێمە زۆر ئاسوودە دەکات."
ئەردۆغان ئاماژەی بە ئامانجی پرۆسەکە کرد و گوتی: "ئێستا ئامانجەکە گەورەترە، ئەویش هێنانەدی کەشێکی ئارامە بۆ تەواوی ناوچەکە."
پێشتر ئەردۆغان چەند جارێک ئاماژە بەوە کردووە کە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا بۆ بنبڕکردنی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و ئاساییکردنەوەی ژیانی هاووڵاتییان لە ناوچە سنوورییەکان و پارێزگاکانی باکووری کوردستان، تاوەکو چالاکییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بەبێ ئاستەنگ بەردەوام بن.

.jpg&w=3840&q=75)
