رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا پێداگریی وڵاتەکەی بۆ هەوڵی بەدیهێنانی ئاشتی دووپاتکردەوە و رایگەیاند؛ ئەوەی دۆستی تورکیا بێت دەیباتەوە، ئەوەی دوژمنداریشی بکات دەیدۆڕێنێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 7-9-2026 سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی کابینەی وەزیرانی وڵاتەکەی لە کۆشکی کۆماری کرد و دواتریش قسەی بۆ میدیاکان کرد.
لەبارەی تەوەر و باسەکانی کۆبوونەوەکە کە نزیکەی دوو کاژێر و نیوی خایاند، ئەردۆغان رایگەیاند، چەندین بابەتی گرنگیان تاوتوێ کردووە کە لە سەرووی هەموویانەوە پرسی دادپەروەری، ئابووری، شارسازی و سەلامەتترکردنی شەقامەکان بووە. هەروەها ئاماژەی بە دەرکردنی چەند بڕیارێکیش کرد.
ئەردۆغان ناڕاستەوخۆ تیشکی خستە سەر ئەو لایەنانەی پلان و پرۆگرامی حکومەتەکەی رەتدەکەنەوە و گوتی:" ئەوانەی بە بەهێزبوونی وڵاتەکەمان و هەوڵەکانمان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بێزار دەبن، ناتوانن لەم رێگەیە بمانگەڕێننەوە".
راشیگەیاند کە هیچ کەسێک هێزی گۆڕینی رەوتی مێژووی نییە و گوتی:"تورکیا تەوقە لەگەڵ دۆستەکانیدا دەکات، خزمەکانی لە باوەش دەگرێت و جارێکی دیکە لەگەڵ براکانیدا یەکدەگرێتەوە. ئەوەی دۆستی تورکیا بێت دەیباتەوە، ئەوەی دوژمنداریشی بکات دەیدۆڕێنێت. ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی لە چوارچێوەی سیاسەتی هاوپەیمانی و یەکێتییدا کار بکەین، ئەویش بۆ چەسپاندنی یەکڕی و ئارامی لە تەواوی جوگرافیای دڵماندا. لەمەشدا بچووکترین دوودڵی ناکەین".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، وڵاتەکەی دژی هیچ وڵاتێکی دیکە، کۆمەڵگەیەک، بیروباوەڕ و کولتوورێک نییە و گوتی:"تورکیا دژی هەموو نایاسایی بوونێک، نادادپەروەرییەک، زۆردارییەک و چەتەییەکە. ئێمە بە شێوەیەکی گشتی دوژمنداریی هیچ کەسێک ناکەین".
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، دەیانەوێت لەم جوگرافیا سەختەی کە تێیدان، وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ، سەقامگیر و خۆشگوزەران لەسەر رێبازی خۆیان بەردەوام بن.



