رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئاماری تورکیا دەڵێ، ژمارەی مۆزەخانەکان لە ساڵی 2025دا بە رێژەی 4.4% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 664 مۆزەخانە؛ ژمارەی سەردانیکەرانی مۆزەخانە و شوێنەوارەکانیش بە رێژەی 6.8% بەرزبووەتەوە و نزیکەی 66 ملیۆن کەس سەردانیان کردوون.
ئەمرۆ دووشەممە، 7ی ئەیلوولی 2026 دەستەی ئاماری تورکیا، ئاماری "کەلەپووری فەرهەنگی" بۆ ساڵی 2025 بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکە، لە کۆی 664 مۆزەخانە، 220یان سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزارن، 426یان کەرتی تایبەتن و 18یان سەر بە سەرۆکایەتیی کۆشکە نیشتمانییەکانن.
هەروەها ژمارەی شوێنەوارە مێژووییە تۆمارکراوەکانیش گەیشتووەتە 148 شوێن.
کۆی گشتیی پارچە شوێنەوارییەکانی نێو مۆزەخانەکان لە ساڵی 2025دا بە رێژەی 0.4% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 4 ملیۆن و 12 هەزار و 294 پارچە.
زۆرترین پارچە شوێنەوارییەکان لە مۆزەخانەکانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیریدا هەڵگیراون کە ژمارەیان 3 ملیۆن و 388 هەزار پارچەیە.
ژمارەی سەردانیکەرانی مۆزەخانە و شوێنەوارە مێژووییەکان ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی پێشتر بە رێژەی 6.8٪ زیادی کردووە و بۆ 65 ملیۆن و 862 هەزار و 639 کەس بەرزبووەتەوە.
بەپێی ئامارەکە، ئیستەنبووڵ بە زیاتر لە 18 ملیۆن سەردانیکەر لە پلەی یەکەمی ئەو شارانەدایە کە زۆرترین گەشتیاری رۆشنبیرییان هەبووە. دوای ئەویش، ئیزمیر و ئەنقەرە دێن بە نزیکەی 4.6 ملیۆن سەردانیکەر بۆ هەر یەکێکیان.
حکومەتی تورکیا لە چوارچێوەی سیاسەتی گەشتیارییدا گرنگییەکی زۆر بە مۆزەخانە و شوێنەوارە مێژووییەکان دەدات، بەتایبەتی لە شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبووڵ و ناوچەکانی کەناری دەریای سپی.
ئامارەکانی دەستەی ئاماری تورکیا ساڵانە بڵاودەکرێنەوە و وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی کەلەپووریی رۆشنبیری و گەشتیاری لە وڵاتەکەدا بەکاردەهێنرێن.



