رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی دادی تورکیا لە هەڵدانەوەی دۆسیەی گیانلەدەستدانی گوماناویی کاشف کۆزینۆغڵو، بەرپرسێکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) لە زیندانی سیلیڤری، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 11 تۆمەتبار دەرکرا و 10 کەسیان دەستبەسەرکران.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر، بڕیاریان داوە گومان و تەمومژ لەسەر هەموو دۆسیە گوماناوییەکان بڕەوێننەوە لە رابردوودا بەلاڕێدا براون یان بە ئەنجام نەگەیشتوون.
دوای داواکاریی داواکاری گشتیی سیلیڤری و بڕیاری دادگەی سزادان لە 26ی ئابی 2026، بڕیاری پێشووی داخستنی دۆسیەکەی کۆزینۆغڵو هەڵوەشێندرایەوە و تیمێکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی وردی رووداوەکە راسپێردرا، کە لە ئەنجامدا 10 فەرمانبەری زیندان دەستبەسەرکران. کەسێکی دیکەش بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، بەڵام لە دەرەوەی تورکیا و دەستبەسەرنەکراوە.
هەڵدانەوەی ئەم دۆسیە مێژووییە هەنگاوێکی ئاڵۆزە لە دادوەریی تورکیادا بۆ بەدواداچوونی رووداوە تاریکەکانی رابردوو.
ئەم رێکارانە ئاماژەن بۆ دروستبوونی بەڵگەی نوێ و گوشارەکان بۆ روونکردنەوەی ئەو دۆسیانەی پەیوندییان بە ئاسایشی نیشتمانی و دەزگا هەواڵگرییەکانەوە هەیە.
کاشف کۆزینۆغڵو، بەرپرسی باڵای پێشووی میت، لە 12ی تشرینی دووەمی 2011 لە کاتی دادگاییکردنی لە دۆسیەی ئەرگەنەکۆندا لە زیندانی سیلیڤری لە ئیستەنبووڵ بەشێوەیەکی گوماناوی تەندروستی تیکچوو و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
لە ساڵی 2012دا بڕیاری داخستنی دۆسیەکە درا، بەڵام بەهۆی گومانە بەردەوامەکان و ئەگەری دەستوەردانی تۆڕەکانی نێو دەوڵەت، دۆسیەکە جارێکی دیکە خرایەوە بەر لێکۆڵینەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
