رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە؛ پرۆسەی چارەسەری، دۆخی ئابووری و پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان مژاری سەرەکین.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 7ی ئەیلوولی 2026، کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە ئەنقەرە بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا مەرجەکانی خۆتۆمارکردن بۆ پڕۆژەی 15 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی (بە کرێ) بۆ چینی کەم دەرامەت لە ئیستەنبووڵ دیاری دەکرێن، کە بڕیارە لەم مانگەدا دەست بە ناوتۆمارکردن بکرێ.
هاوكات کارەکانی چوار لیژنە تایبەتەکەی پرۆسەی چارەسەری کە لە 24 ئابی 2026 دامەزران، لەلایەن ئەندامانی کابینەکەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێ و دوایین پێشهاتە مەیدانییەکان لە پرۆسەی چارەسەری تاوتوێ دەکرێن.
ئەنجامی دیدارەکەی ئەردۆغان و پووتین، ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا و ئێران و کاریگەرییان لەسەر نرخی نەوت و بەرنامەی ئابووریی وادە مامناوەندی تورکیا لە مژارەکانی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەمرۆن.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە تورکیا لە پرۆسەی چارەسەری پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێ.
کابینەی حکومەتی تورکیا بەشێوەیەکی خولی بۆ تاوتوێکردنی پرسە گرنگەکان لە رۆژەڤی سیاسی و ئابووری وڵاتەکە کۆدەبێتەوە و دوایین کۆبوونەوەی کابینەکە لە 29ی تەممووزی 2026 بوو.


.jpg&w=3840&q=75)
