رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕۆ یەکشەممە 6-9-2026 پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی بەست و تێیدا هەریەک لە (تولای هاتیمئۆغوڵڵاری) و (تونجەر باکرهان) بە هاوسەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرانەوە.
کۆنگرەکەی دەم پارتی کاژێر 10:00 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەستیپێکرد.
لە کۆنگرەکەدا ئۆرگانەکانی پارتەکە هەڵبژێردران و تاوتوێی پەیڕەوی نێوخۆییش کرا.
بە 353 دەنگی بەڵێ هەڵبژێردران
دوو هاوسەرۆکەکەی دەم پارتی بە 535 دەنگی بەڵێی تەواوی ئەندامانی سەرکردایەتی، جارێکی دیکە لەسەر کورسیی هاوسەرۆکایەتی دانیشتنەوە.
هەروەک پێشتر ئاماژەیان دابوو، هیچ هەوڵ و پلانێک بۆ گۆڕانکاری لە پۆستی هاوسەرۆکانی دەم پارتی نەبووە جێی باس.
" سەرنجمان تەنیا لەسەر پرسی کورد نییە "
یەکێک لە گرنگترین پەیامەکانی تونجەر باکرهان ئەوە بوو کە پێداگریی پارتەکەی لەسەر چەمکی (کۆماری دیموکراسی) دووپات کردەوە و گوتی:"سەرنجی دەم پارتی تەنیا لەسەر پرسی کورد نییە، بەڵکو دەیەوێ هێڵێکی بەرفراوانتری سیاسی بکێشێت و سەرنجی لەسەر بە دیموکراسیبوونی گشتیی تورکیاش بێت".
"چەند مانگێکی دیکە کۆنگرەیەکی دیکە دەبەستین"
بەرپرسانی دەم پارتی هەروەها ئاماژەیان کرد، مەبەستیان لەم کۆنگرەیە گۆڕانکاریی ریشەیی نییە.
کۆنگرەی ئەمجارەیان بە ئامادەکاری بۆ کۆنگرەیەکی دیکە پێناسەکرد کە بە گوتەی خۆیان ئەوکات وەرچەرخانێکی گەورە دەکەن.
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پێشوو و پەرلەمانتاری دەم پارتی رایگەیاند، چەند مانگێکی دیکە ئەو کۆنگرەیە دەبەستن و گۆڕانکاریی زۆر لە پارتەکەیاندا دەکەن.
"دەرفەتی دواخستن بۆ پرسی کورد نییە"
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری لە بەشێکی گوتارەکەیدا ئاماژەی بە پرسی کورد و پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی:"پرسی کورد شتێک نییە دەرفەتی دواخستنی هەبێت. ئەوە پرسێکی ناچارییە. دەم پارتی لە قۆناخی داهاتووی دا پرسی کورد و پرۆسەی چارەسەری وەک دوو خاڵی بنەڕەتیی رۆژەڤی خۆی دەبینێت".
ئەمە یەکەمین کۆنگرەی دەم پارتییە لە دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە. چاوەڕێ دەکرێ لە کۆنگرەی داهاتوودا، ژمارەیەک سیاسەتڤانی کورد، بەتایبەتیش بەشێک لەوانەی لە زیندانەکان و دەرەوەی وڵاتن، بەشداری بکەن.
تشرینی یەکەمی 2023 دوایین کۆنگرەی دەم پارتی بەرێوەچووبوو. بەرپرسانی پارتەکە دەڵێن، ئەم کۆنگرەیان بەهۆی ناچاریی یاساییەوە بەستووە و گۆڕانکاریی بنەڕەتییان لە سەرکردایەتیی پارتەکەدا نەکردووە.
دەم پارتی
وەکو تۆماری ناوی پارتەکە، لە ساڵی 2023ــەوە تۆمارکراوە.
ئەو پارتە درێژەپێدەری پارتە داکۆکیکارەکانی مافی کوردە لە تورکیا.
ئەگەرچی لە سەرەتای ساڵانی 1990ــەوە هەتاکو ئێستا بە نزیکەی 10 ناوی جیاوازەوە دەرکەوتووە، بەڵام ژمارەی دەنگ، سیاسەتکردن و رێبازەکەی گۆڕانکاریی ئەوتۆیان بەسەر نەهاتووە.
دەم پارتی ئێستا لەدوای ئاکپارتی و پارتی نوێ (یەنی پارتی)، سێیەمین فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە و لە کۆی 600 کورسیی ئەو پەرلەمانە، خاوەن 56 کورسییە.
.jpg&w=3840&q=75)

