رووداو دیجیتاڵ
رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە پەیامێکدا بۆ فێستیڤاڵی کولتووریی کورد رایگەیاند، "با پێکەوە کەموکوڕییەکانی قۆناخی نوێ بە رەخنەکانمان تەواو بکەین. بۆ ئەمەش پێویستە سەرەتا متمانە دروست بکرێت. بەبێ متمانە، هیچ گۆڕانکارییەکی دیموکراسی بەردەوام نابێت."
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەیامێکی ئاراستەی 34ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کولتووریی کورد لە دۆرتمۆند کرد. پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەلایەن وەیسی ئاکتاش، ئەندامی سکرتاریەتی ئیمراڵی، خوێندرایەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئەو تێڕوانینە سەرەکییەی ئێمە پێی گەیشتووین، تێکەڵبوونی دیموکراسییە. تێکەڵبوونی دیموکراسی بە مانای وازهێنانی هیچ کۆمەڵگەیەک لە ناسنامە، کولتوور یان بوونی کۆمەڵایەتیی خۆی نایەت. بەپێچەوانەوە، بە مانای ئەوە دێت خەڵک بتوانن بە ناسنامەی خۆیانەوە بە ئازادی لەنێو کۆمەڵگەدا بژین و ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیان بە رێگەی دیموکراسییانە رێکبخەن."
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هەروەها دەڵێت، "لەبەردەمماندا خەباتێکی ئاسانتر نییە، بەڵکو خەباتێکی سەختتر هەیە."
دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان:
"بۆ کۆنفرانسی کولتوور
هاوڕێیانی بەڕێز، ئامادەبووانی خۆشەویست
بەبۆنەی ئەو فێستیڤاڵە کولتوورییەی رێکتانخستووە، سڵاوتان لێدەکەم. هیوادارم ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە مایەی بەهێزکردنی هەوڵەکانتان بۆ ئازادی، زیاتر ناسینی کولتوورەکان و بەهێزکردنی بیری داهاتوویەکی هاوبەش. ئەمڕۆ لەبەردەم قۆناخێکی نوێداین. لەکاتێکدا کە ناکۆکی و ئازارەکانی رابردوو جێدەهێڵین، پێویستە پەند لە رووداوەکان وەربگرین و رێگەیەکی نوێ لەبەردەم خۆماندا بکەینەوە. بنەمای ئەم رێگەیە کۆمەڵگەی دیموکراسی، سیاسەتی دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئازادانەی گەلانە.
ناسنامە، زمان و کولتوورەکان بە زەبر و گوشار لەنێو ناچن
ئەمە بنەمایەکی گشتییە؛ کۆمەڵگەکان لەنێو ناچن. ناسنامە، زمان و کولتوورەکان بە زەبر و گوشار لەنێو ناچن. کێشەی ئێمە دژایەتیکردنی جیاوازییەکان نییە، بەڵکو دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسییە کە تێیدا هەموو گەلێک بتوانێت بە ناسنامە و کولتووری خۆیەوە بە ئازادی بژی و پێکەوەژیان مسۆگەر بێت.
گەلی بەڕێزمان، ئامادەبووانی بەڕێز..
پێویستە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی کە پەرەمان پێداوە، لەم چوارچێوە مێژووییەدا هەڵبسەنگێندرێت. ئەم پرۆسەیە تەنیا راگەیاندنی هەڵوێستێکی سیاسیی نوێ نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا ئیرادەیەکە بۆ وازهێنان لە شێوازێکی کۆنی خەبات و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ.
باشە، لە شوێنی شتە کۆنەکە چی دادەنێین؟
ئەم تێڕوانینە سەرەکییەی پێی گەیشتووین، تێکەڵبوونی دیموکراسییە. تێکەڵبوونی دیموکراسی بە مانای وازهێنانی هیچ کۆمەڵگەیەک لە ناسنامە، کولتوور یان بوونی کۆمەڵایەتیی خۆی نایەت. بەپێچەوانەوە، بە مانای ئەوە دێت خەڵک بتوانن بە ناسنامەی خۆیانەوە بە ئازادی لەنێو کۆمەڵگەدا بژین و ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیان بە رێگەی دیموکراسییانە رێکبخەن. گەڕانەوەی ئەو کەسانەی کە دوورخراونەتەوە یان بە نایاسایی ناسێندراون بۆ سەر خاکی خۆیان، توانایان بۆ سیاسەتی دیموکراسی و بەشداریکردنیان لە بنیاتنانی داهاتووی خۆیان، یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی بەردەممان. راست نییە ئەمە وەک وازهێنان لە ئازادی ببینرێت. تێڕوانینێکی لەم شێوەیە ئەوە نیشان دەدات کە ئەزموونی مێژوویی و پێداویستییەکانی ئەمڕۆمان بە دروستی نەخوێندراونەتەوە. بەپێچەوانەوە، ئەوەی لێرەدا باس دەکرێت، گۆڕانکارییەکی ئاشتییانەیە کە پشت بە هێزی سیاسەتی دیموکراسی دەبەستێت لەبری توندوتیژی و شەڕ. لەمەودوا پێویستیمان بە سیاسەتی زیاتر، رێکخستنی زیاتر و خەباتێکی دیموکراسیی بەهێزتر هەیە.
پێویستە ئیرادەی ناوچەکە خاوەنی بڕیار و قسەی خۆی بێت
تێگەیشتنی منیش بۆ کۆمەڵگە هەر ئەمەیە. رێکخستنی کۆمەڵگە لەلایەن خۆیەوە، بە مانای دانانی کۆمەڵگە لە شوێنی دەوڵەت نییە. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کۆمەڵگە بکرێتە بکەرێکی کاریگەر و دامەزرێنەری ژیانی دیموکراسی. بۆیە نابێت ژیانی دیموکراسی تەنیا لە نوێنەرایەتیی پەرلەمان و پارتە سیاسییەکاندا کورت بکرێتەوە. ئیدارە خۆجێیەکان، بوارەکانی کولتوور و پەروەردە، رێکخراوەکانی ژنان، چالاکییەکانی گەنجان، کۆمپانیاکان و هەموو ئەو رێکخراوانەی کە خەڵک لە دەوری ژیانی خۆی دروستیان دەکات، بەشێکی گرنگی ژیانی دیموکراسین.
ئەمڕۆ لە ئەورووپا و زۆر شوێنی دیکەی جیهان، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بەردەممان، بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگەیە بەبێ رەزامەندیی کۆمەڵگە. پێویستە مافە دیموکراسییەکانمان بەکاربهێنین دژی بەکاربردنی بێسنووری سەرچاوە ژێرخان و سەرخانەکان لەلایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانەوە و پشتگوێخستنی ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە. ئەگەر لە ناوچەیەکدا کانزا، نەوت، ئاو یان هەر سەرچاوەیەکی سروشتیی دیکە هەبێت، پێویستە خەڵکی ئەو ناوچەیە مافی قسەکردن و بڕیاردانیان هەبێت لەبارەی چۆنییەتیی بەکارهێنانی ئەو سەرچاوەیە. پێویستە ئیرادەی ناوچەکە تەنیا ئیرادەیەک نەبێت کە راوێژی پێبکرێت، بەڵکو دەبێت لە بڕیارداندا خاوەنی قسەی راستەقینە بێت.
ئورفا (رووها) یەکێکە لە نموونە بەرچاوەکانی ئەمە. لەم جوگرافیایەدا کە یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی کولتووری نیۆلیتیک، ئەمڕۆ هێشتا هەژاری و بێکارییەکی جدی هەیە. خەڵکی ئورفا (رووها) بە هەموو جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. ئەم دیمەنە ئەوەشمان نیشان دەدات کە لەدەستدانی مافی قسەکردنی کۆمەڵگە لەسەر سەرچاوەکان و داهاتووی خۆی، چ دەرەنجامێکی دەبێت.
بەم بۆنەیەوە، دەمەوێت بەتایبەتی جەخت لەسەر مافی بڕیاردانی ژنان لەسەر ژیانی خۆیان بکەمەوە. لە کۆمەڵگەیەک ژن تێیدا ئازاد نەبێت، ناتوانین باسی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیی راستەقینە بکەین. هەر جۆرە دەستێوەردانێکی زۆرەملێ لە ژیان و ئیرادەی ئازادی ژنان قبووڵکراو نییە.
لایەنێکی دیکەی بنەڕەتیی چارەسەریی دیموکراسی؛ ئازادیی ناسنامە، باوەڕ، بیرکردنەوە و کولتوورە. نابێت ژیانی کورد یان هەر گرووپێکی کۆمەڵایەتیی دیکە بە زمان، کولتوور و ناسنامەی خۆیەوە وەک هەڕەشە سەیر بکرێت. لێرەدا کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە دەوڵەت رێگری لەم گەشە کۆمەڵایەتییە نەکات. ئەرکی دەوڵەت یەکخستنی کۆمەڵگە نییە لە یەک شێوەدا، بەڵکو دابینکردنی ئەو هەلومەرجانەیە کە ناسنامە و کۆمەڵگە جیاوازەکان بتوانن بە شێوەیەکی دیموکراسی و ئازادانە پێکەوە بژین.
ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە بە گەنجانی ئەورووپا، هەموو هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ئەوانەی خەبات دەکەن بگوترێت، ئەمەیە: (لەبەردەمماندا خەباتێکی ئاسانتر نییە، بەڵکو خەباتێکی سەختتر هەیە).
بەڵام ئەم خەباتە چیدی بە شێوەیەکی سەرەکی خەباتی چەک نییە، بەڵکو خەباتی سیاسەت، رێکخستن، کولتوور، ئابووری و پشتیوانیی کۆمەڵایەتییە. لەگەڵ کۆتاییهاتنی قۆناخێکدا، پێویستە بواری خەباتی دیموکراسی فراوانتر بکرێت. بەهێزترین بەرگری، کۆمەڵگەی رێکخراوە. کۆمەڵگەیەک کە بتوانێت کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، دامەزراوەکانی خۆی دروست بکات، کولتووری خۆی بژێنێتەوە و سیاسەتی دیموکراسی بکات، دەتوانێت بە شێوەیەکی بەهێزتر بەرگری لە داهاتووی خۆی بکات.
پێم وایە پێویستە ئەورووپا تەنیا وەک چاودێرێک لە دەرەوە سەیری ئەم پرۆسەیە نەکات. ئەزموونی مێژوویی ئەورووپا نیشانی دەدات کە شەڕەکان و ململانێکانی نەتەوە-دەوڵەت چ دەرەنجامێکی قورسیان هەیە. بەڵام هەمان مێژوو ئەوەش دەردەخات ئەو مۆدێلانەی کە ناسنامە و گەلە جیاوازەکان دەتوانن لە چوارچێوەی یاسای دیموکراسیدا پێکەوە بژین، ئەگەریان هەیە.
ئەوەی ئەمڕۆ پێویستمان پێیەتی، جیابوونەوەی گەلان و باوەڕەکان نییە لە یەکدی، بەڵکو پێکەوەژیانیانە بە شێوەیەکی دیموکراسی لەگەڵ پاراستنی ئازادی و ناسنامەی خۆیان.
بێگومان رەخنە و ناڕەزایەتی لەسەر سروشت و لایەنە تیۆرییەکانی ئەو پرۆسەیەی کە پەرەمان پێداوە، دەکرێت هەبێت. بەڵام ئەمە نابێت ببێتە رێگر لەبەردەم پێکەوەبوون و خەباتی شان بە شانی یەکدی. با پێکەوە کەموکوڕییەکانی قۆناخی نوێ بە رەخنەکانمان تەواو بکەین.
بۆ ئەمەش پێویستە سەرەتا متمانە دروست بکرێت.
بەبێ متمانە، هیچ گۆڕانکارییەکی دیموکراسی بەردەوام نابێت. بۆیە پێویستە رێکخستنە سیاسی و یاساییەکان دوانەخرێن، بەربەستەکانی بەردەم سیاسەتی دیموکراسی لاببرێن و ئەو هەلومەرجانە دروست بکرێن کە هەموو لایەنەکانی پرۆسەکە هەست بە ئاسایش بکەن. هیوادارم فێستیڤاڵەکەتان بەشداری لەم گفتوگۆیەدا بکات و ببێتە هۆی ئەوەی گەلان باشتر لە یەکدی تێبگەن و لە یەکدی نزیک ببنەوە.
ئەرکی قۆناخی نوێ دووبارەکردنەوەی رابردوو نییە، بەڵکو بنیاتنانی ژیانێکی نوێی ئازادتر، دیموکراسیتر و پێکەوەژیانە بە وەرگرتنی پەند لە رابردوو.
سڵاو و رێزم بۆ هەمووتان."


.webp&w=3840&q=75)
