رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت وەبەرهێنانی جیهانی لە سەنتەرەکانی داتادا، بەهۆی کاریگەریی خواست لەسەر ژیریی دەستکرد، لە ماوەی نێوان 2026 بۆ 2050 بگاتە 31.6 تریلیۆن دۆلار. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت دەستگەیشتن بە کارەبای پێویست، جێی متمانە و بە تێچووی گونجاو، رۆڵی یەکلاکەرەوە لە ئاراستەی وەبەرهێنانەکاندا ببینێت.
بەگوێرەی راپۆرتێکی "Price water house Coopers" (PwC) بە ناونیشانی "روانگەی جیهانیی سەنتەری داتا 2026-2050"، پێشبینی دەکرێت وەبەرهێنانەکان کە باڵەخانەی سەنتەرەکانی داتا، سێرڤەر، کۆگا، تۆڕ و ئامێرە پێشکەوتووەکانی پرۆسێسەر لەخۆدەگرن، لە ئاستی نزیکەی 800 ملیار دۆلاری ئەمساڵەوە، بۆ 1.1 تریلیۆن دۆلار لە ساڵی 2030 و 1.8 تریلیۆن دۆلاریش لە ساڵی 2050 بەرزببنەوە. بەمجۆرە، چاوەڕوان دەکرێت کۆی وەبەرهێنانەکان لە ماوەی 2026-2050 بگاتە 31.6 تریلیۆن دۆلار.
خواست لەسەر ژیریی دەستکرد، گوشاری لەسەر تۆڕەکانی کارەبای ئێستا زیادکردووە و جێبەجێکردنی وەبەرهێنانە نەخشە بۆ دانراوەکان، زیاتر بەند دەبێت بەوەی کە کارەبا چەندە بەخێرایی و بە شێوەیەکی متمانەپێکراو دەگەیێندرێتە سەنتەرەکانی داتا.
ژێرخانی تۆڕی کارەبا هێندەی بەرهەمهێنان گرنگە
کۆمپانیای PwC، کارەبا لە ریزبەندی یەکەمی ئەو فاکتەرە سەرەکییانە دادەنێت کە دیاری دەکەن وەبەرهێنانەکانی سەنتەری داتا روو لە کام وڵات و ناوچە دەکەن. بەگوێرەی راپۆرتەکە، دابینکردنی بڕی پێویستی کارەبای کەم-کاربۆن، جێی متمانە و بە تێچووی گونجاو بۆ سەنتەرە گەورەکانی داتا، بووەتە یەکێک لە سەختترین مەرجەکان بۆ زۆربەی بازاڕەکان.
وزەی نوێبووەوە سوود بە کێبڕکێی وەبەرهێنان دەبەخشێت
سەرچاوە و تێچووی کارەبا، رۆژ لە دوای رۆژ گرنگیی زیاتر لە دابەشبوونی جوگرافیی وەبەرهێنانەکانی سەنتەری داتادا وەردەگرێت. شیکارییەکەی PwC ئاماژە بەوە دەکات، ئەو وڵاتانەی دەتوانن کارەبای نوێبووەوە بە نرخی کێبڕکێکارانە دابین بکەن، لە راکێشانی وەبەرهێنانەکانی سەنتەری داتادا سوودمەند دەبن.
لەو چوارچێوەیەدا، چیلی بەهۆی نرخی کێبڕکێکارانەی کارەبا کە لە سەرچاوە بەهێزەکانی وزەی خۆرەوە بەدەستی دەهێنێت، هەروەها کەنەدا بەهۆی تۆڕی کارەبای سەقامگیر و ژێرخانی وزەی نوێبووەوە، وەک دوو بازاڕی دیار دەردەکەون. لە ئەورووپاش، سیستمی کارەبای پشتبەستوو بە وزەی نوێبووەوە و کەشوهەوای گونجاو کە پێویستیی فێنککردنەوەی سەنتەرەکانی داتا کەمدەکاتەوە، سوودیان بە وڵاتانی سکاندیناڤیا گەیاندووە.
پێشبینی دەکرێت کیشوەری ئەمریکا تاوەکو ساڵی 2050 بە 16.5 تریلیۆن دۆلار لە پلەی یەکەمدا بێت، کە 15.1 تریلیۆن دۆلاری لە ئەمریکا دەبێت. بەمەش ئەمریکا بە تەنیا نزیکەی 48%ـی وەبەرهێنانی جیهانی رادەکێشێت. لە هەمان ماوەدا، چاوەڕوان دەکرێت لە ئاسیا و زەریای هێمندا وەبەرهێنان بە بڕی 8.2 تریلیۆن دۆلار بکرێت.
دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ تورکیا
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، سیاسەتەکانی وڵاتان لەبارەی "سەروەریی داتا"ـەوە، دەتوانن دابەشبوونی جیهانیی وەبەرهێنانەکان بگۆڕن. ئەو وڵاتانەی خاوەنی خواستێکی بەهێزی ناوخۆیین، بەڵام توانای ئێستای سەنتەرەکانی داتایان سنووردارە، دەتوانن وەبەرهێنانی زیاتر رابکێشن.
ئەگەر حکومەتەکان و کەرتە رێکخراوەکانی وەک دارایی، تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، زیاتر روو لەوە بکەن کە داتا گرنگەکان و کارەکانی ژیریی دەستکرد لەناو سنوورەکانی خۆیاندا بهێڵنەوە لەبری ژێرخانی وڵاتانی بیانی، پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاری لە دابەشبوونی وەبەرهێنانەکاندا رووبدات.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەگەر پێویستی بۆ هێشتنەوەی داتا گرنگەکان و کارەکانی ژیریی دەستکرد لە ناوخۆی وڵاتدا زیاد بکات، تورکیا و پۆڵەندا دەتوانن لەم سیناریۆیەدا وەبەرهێنانی زیاتری سەنتەری داتا رابکێشن.


