رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ماوەی قەییومی سەر گەورەشارەوانیی مێردین و دوورخستنەوەی ئەحمەد تورک، سەرۆکی هەڵبژێدراوی گەورەشارەوانییەکەی دوو مانگی دیکە درێژکردەوە و بڕیاریدا کە تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردین وەک قەییوم لە سەرۆکایەتیی شارەوانی لە ئەرکەکەی بەردەوام بێت.
ئەحمەد تورک کە لە 4ـی تشرینی دووەمی 2024ـدا بەشێوەیەکی کاتی لە سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی مێردین دوورخرابووەوە و قەییومی لە شوێنی دانرابوو، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی ناوخۆ جارێکی دیکە بۆ ماوەی دوو مانگ بڕیاری دوورخستنەوەکەی درێژکرایەوە.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ کە دوو مانگ جارێک پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، لە کاتێکدایە کە دوای دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پرۆسەی چارەسەری، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بانگەوازی "ئەحمەدەکان بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان" کردبوو و چاوەڕوان دەکرا ئەحمەد تورک بگەڕێندرێتەوە سەر ئەرکەکەی.
ئەحمەد تورک، کەسایەتیی دیاری بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا، لە هەڵبژاردنەکانی ئاداری 2024ـدا وەک سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین هەڵبژێردرا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024ـدا بەبیانووی دۆسیەی دادوەری و لێکۆڵینەوەکان، ناوبراوی لە ئەرکەکەی دوورخستەوە و پارێزگاری مێردینی وەک قەییوم لە شارەوانییەکەدا دانا.
ئەمە سێیەم هەڵبژاردنە کە ئەحمەد تورک دەبێتە سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین و وەزارەتی ناوخۆ بە بڕیاری قەییوم لە کارەکەی دووری دەخاتەوە.
یەکەمجار لە 17ـی کانوونی یەکەمی 2016 و دووەمجاریش لە 19ـی ئابی 2019 بوو.


