رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی زەفەر رایدەگەیێنێت، پەکەکە چەکەکانی بۆ سووریا و پژاک لە ئێران دەگوازێتەوە بۆ ئەوەی "خۆی بۆ شەڕێکی ناوخۆیی بە پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئێران ئامادە بکات."
ئومێد ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زەفەر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای گشتیی پارتەکەی لە ئەنقەرە، هەڵسەنگاندنی بۆ رەوشی سیاسیی تورکیا کرد و رایگەیاند، پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" بووەتە "خۆبەدەستەوەدان بە تیرۆر".
ئۆزداغ گوتی: "پەکەکە چەک دانانێت، بەڵکو شوێنی چەکەکانی دەگۆڕێت. چەکەکانی بۆ سووریا و گرووپەکانی ناو پێکهاتەی پژاک لە ئێران دەگوازێتەوە و خۆی بۆ شەڕێکی ناوخۆیی بە پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئێران ئامادە دەکات. لە لێدوانەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە ئێران، ئێمە بەم شێوەیە تێدەگەین."
سەرۆکی پارتی زەفەر بانگەشەی ئەوەشی کرد کە لە دوورگەی ئیمراڵی ئۆفیسێکی کارکردن بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، ئامادە دەکرێت و پلانی دامەزراندنی پارتێکی نوێ هەیە.
بە گوتەی ئۆزداغ، "پێشنیازی ئەوەی بۆ کراوە کە 'ئەگەر پێش هەڵبژاردن گۆڕانکارییە دەستوورییەکانی جێبەجێ بکەین، هەڵبژاردن دەدۆڕێنین. وەرە با ئەمە دوابخەین. تۆ لێرە بە ئازادی خۆت بە، پارتێکی نوێ دابمەزرێنە و دوای هەڵبژاردن بەپێی ویستی تۆ گۆڕانکارییەکان دەکەین'. با بزانین ئۆجەلان بەمە رازی دەبێت یان نا."
رەخنە لە ئامەدسپۆر و ئابووری
ئۆزداغ سەرکەوتنی یانەی ئامەدسپۆری بۆ خولی نایابی تورکیا بە "سەرچاوەی گرژی" ناوبرد و گوتی: "هەر یارییەکی ئامەدسپۆر بووەتە گۆڕەپانێکی گرژی. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەم تیمە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەوە بە ئاشکرا پشتگیری دەکرێت."
ئامەدسپۆر یانەیەکی وەرزشیی کوردییە و لە یارییەکانی ئەم دواییە ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردووە و لە دوایین یاریشیدا لە خولی نایابی تورکیا لە ترابزۆن سپۆری بردەوە. هاندەران بە جۆشوخرۆشێکی زۆرەوە لە یارییەکانی ئامادە دەبن.
پارتی زەفەر کە لە ساڵی 2021ەوە دامەزراوە، پارتێکی راستڕەوی تووندڕەوە.
سەرۆکی پارتەکە رەخنەی تووندی لە سیاسەتە ئابوورییەکانی حکومەت گرت و گوتی: "ئاکپارتی توانای راستکردنەوەی دۆخی ئابووری نییە. هەم هەڵاوسان و هەم بێکاری زیاد دەکات."
ئومیت ئۆزداغ و پارتەکەی لە سەرەتاوە دژایەتی پرۆسەی چارەسەری دەکەن و پێشتریش چەند جارێک ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ رێگری لە سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری.


