رووداو دیجیتاڵ
دادگای گشتیی ئەنقەرە لەسەر بڵاوکردنەوەی هەندێک پۆست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە ئاماژە بە سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆماری تورکیا دەکەن، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتی ئاینده دەستپێکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ی ئەیلوولی 2026، دادگای گشتیی ئەنقەرە رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکە لە چوارچێوەی ماددەی 299/1ی یاسای سزادانی تورکیا دا بەڕێوەدەچێت کە تایبەتە بە تاوانی "سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار".
ئەم رێکارە دادوەرییە دوای ئەوە هات کە دەربڕین و پۆستەکانی داودئۆغلو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی لێکەوتەوە و لەلایەن دەسەڵاتدارانی دادوەرییەوە خرایە ژێر وردبینیی یاسایی.
ماددەی 299 لە یاسای سزادانی تورکیا سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆماری وڵات بە تاوان دەناسێنێت و سزای بەندکردنی بۆ دیاری دەکات.
لە چەند ساڵی رابردوودا بەپێی ئەم مادەیە لێکۆڵینەوە و داوای یاسایی لەسەر چەندین کەسایەتیی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن، رۆژنامەڤان و چالاکڤان تۆمار کراوە.

