رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە ئامەد چەند پرسیارێکی فەرمییان ئاراستەی پەرلەمانی تورکیا کرد سەبارەت بە چالاکییەکانی گەڕان بەدوای نەوتدا لە رووبەری زیاتر لە 15 هەزار هێکتار زەوی. ئەوان هۆشداری دەدەن کە ئەم پڕۆسەیە مەترسی بۆ سەر رووباری دیجلە، زەوییە کشتوکاڵییەکان و ناوچە شوێنەوارییەکان دروست دەکات.
پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئامەد، پرسیارەکانیان ئاراستەی هەر چوار وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان، کولتوور و گەشتوگوزار، ژینگە، و کشتوکاڵ و دارستان کردووە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، کە کارەکانی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت لە رووبەری 15255 هێکتار زەویدا، هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر بەرهەمی کشتوکاڵیی چەندین گوند و میراتی کولتووریی ناوچەکە. پەرلەمانتارەکان داوایان کردووە زانیاریی ورد لەسەر ژمارەی ئەو بیرە نەوتانە ئاشکرا بکرێت، کە لە نیسانی 2024ـەوە هەڵکەندراون.
یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی دەم پارتی، بەدواداچوونی خێرا بۆ رێژەی مادە کیمیایی و قورسەکانە لە رووباری دیجلە، کە بەهۆی کارەکانی دەرهێنانی نەوتەوە مەترسیی پیسبوونی لەسەرە. هەروەها جەختیان لە جێبەجێکردنی پلانی پاراستنی "باخچەکانی هەڤسەل" کردووەتەوە وەک ناوچەیەکی پارێزراوی سرووشتی.
باخچەکانی هەڤسەل لە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان، ناوچەیەکی سرووشتیی دەگمەنە کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 8000 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆدا تۆمارکراوە.
پەرەپێدانی کەرتی وزە و نیگەرانییە ژینگەییەکان
لە چوارچێوەی پلانی تورکیا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزەی ناوخۆیی، لە چەند ساڵی رابردوودا پڕۆسەی گەڕان بەدوای نەوت و گاز لە شارەکانی باکووری کوردستان فراوانتر بووە. ئەم هەنگاوە نیگەرانیی تووندی رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی و چالاکڤانانی لێکەوتووەتەوە، چونکە بە هۆکارێکی سەرەکی بۆ لەناوچوونی سیستەمی ژینگەیی و تێکدانی دیمەنی مێژوویی ناوچەکە دەبینرێت.

