رووداو دیجیتاڵ
لە کەناراوەکانی سیلیڤریی ئیستەنبووڵ دوو کەشتیی بازرگانی خۆیان بەیەکدی دا کێشا و بەگوێرەی زانیارییەکان یەکێک لە کەشتییەکان بە 10 کارمەندەوە بێسەروشوێنە.
کاژێر 3ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2-9-2026 دوو کەشتیی بازرگانیی تورکیا بە ناوەکانی (ئاڵسو) و (توبەرک ئیمامئۆغڵو) لە ئیستەنبووڵ بەریەککەوتن.
پارێزگای ئیستەنبووڵ پشتڕاستیکردەوە کە رووداوەکە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، لە دووریی 18 میل لە باشووری کەناراوەکانی سیلیڤری روویداوە.
کەشتیی ئاڵسو لە پارێزگای کۆجائەلییەوە بەڕێکەوتووە و کەشتیی (توبەرک ئیمامئۆغڵو) لە بەندەری ئەسکەندەروونەوە بەرەو دەریای رەش بەرێکەوتووە.
ئەو دوو کەشتییە خۆیان بەیەکدیدا کێشا و هێشتا هۆکاری ئەو رووداوە بە روونی ئاشکرا نەکراوە.
کەشتییەکیان بە 10 کارمەندەوە بێ هەواڵە
دوای رووداوەکە، تیمەکانی ئاسایشی کەناراو، فەرماندەیی پاسەوانیی کەناراوەکانی مەرمەرە و گەرووەکان، بە یاوەریی هێلیکۆپتەری پاسەوانیی کەناراوەکان رەوانەی ناوچەکە کران.
لە یەکەم پشکنینی تیمەکاندا دەرکەوتووە کە هیچ زیانێکی بەرچاو بەر کەشتیی "ئالسو" نەکەوتووە، بەڵام کەشتیی توبەرک ئیمامئۆغڵو و 10 کارمەندەکەی بێ هەواڵن و پەیوەندییان پچڕاوە.
ئۆپەراسیۆنی گەڕان بەدوای کەشتییە ونبووەکە و 10 ستافەکەی، لە دەریا و ئاسمانەوە بەردەوامە.

.jpg&w=3840&q=75)

