رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە یاوەریی شاندەکانیان لە لووتکەی رێکخراوی هاوئاهەنگیی شانگەهای لە شاری بیشکەکی پایتەختی قیرغزستان کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە رۆژی سێشەممە 1-9-2026 بەڕێوەچوو. هەردوو سەرۆک لە بەردەم کامێراکان قسەیان کرد و بۆچوونی خۆیان لەمەڕ پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و مۆسکۆ دەربڕی.
پووتین بۆ ئەردۆغان: بەهۆی هەوڵەکانی ئێوە ئاستی پەیوەندییەکانمان لە ئەوپەڕیدان
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند:"بەڕێز سەرۆککۆمار دۆستی هێژام، هاوکارە بەڕێزە تورکەکانمان، زۆر خۆشحاڵم بەم دیدارە و بەخێر بێن. ئێمە زوو زوو پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانماندا دەکەین و پێکەوە چاودێری پێشکەوتنەکانمان دەکەین".
پووتین تورکیای بە یەکێک لە هاوبەشە لەپێشینەکانی رووسیا لە بابەتەکانی بازرگانی و ئابووری وەسفکرد و گوتی:"کۆمیسیۆنی هاوبەشی ئابووریمان بە شێوەیەکی کاریگەر چالاکییەکانی بەڕێوەدەبات. بەهۆی سەرنج و گرنگیدانی کەسیی (ئەردۆغان) ئێوەوە، ئاستی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لە ئەوپەڕیدا ماونەتەوە".
پووتین: تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ یەکەمین یەکەی وێستگەی ئاککویو دەخرێتەگەڕ
سەرۆکی رووسیا هەروەها رایگەیاند کە پەرەپێدانی پڕۆژە هاوبەشەکانیان لەگەڵ تورکیا بەردەوامە و گوتی:" یەکێک لەو پرۆژانە لای هەمووان ناسراوە، ئەویش دروستکردنی وێستگەی وزەی ئەتۆمیی ئاککویویە. ئێوەش رێنماییتان بە کۆمپانیا رووسییەکەمان (رۆساتۆم) دابوو کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دەبێت یەکەمین یەکەی خۆی بخاتەگەڕ. ئەمەش بەم شێوەیە دەبێت".
ڤلادیمیر پووتین هەروەها راشیگەیاند، وڵاتەکەی توانای هاوئاهەنگیی لە بوارەکانی کولتووری و مرۆییشدا زۆر بەرزە و گوتی:"شەپۆلی گەشتیارانی رووس بۆ تورکیا ساڵ بە ساڵ روو لە زیادبوون دەکات. ساڵی رابردوو، نزیکەی حەوت ملیۆن گەشتیاری رووسی سەردانی تورکیایان کرد".
پووتین بە میدیاکانی گوت لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی تورکیادا هەڵوەستە لەسەر ئەم مژار و بابەتانە دەکەن.
ئەردۆغان: پەیوەندییەکانمان بەراورد بە هەر قۆناخێکی دیکە لە ئاستێکی زۆر بەرزدان
هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند بە گرنگییەوە لە دەرفەتی دیدار و گوتوێژیان لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین دەڕوانن و گوتی:"پەیوەندییەکانی تورکیا و رووسیا ئێستا بەراورد بە هەر قۆناخێکی دیکە لە ئاستێکی زۆر بەرزدان. بە شێوەیەکی سەرەکی، گرنگیی گەشتیارانی رووس لە تورکیا زۆر جیاوازە. ئەمڕۆ گرنگترین تۆڕی گەشتیاری لە پارێزگای ئەنتاڵیا لەو دۆستانە پێکدێت کە لە رووسیاوە دێن".
ئەردۆغان: ئامادەین و چاوەڕێی کردنەوەی وێستگەی ئاککویو دەکەین
لەبارەی وێستگەی ئاککویو کە پێشتر ڤلادیمیر پووتین باسیکردبوو، ئەردۆغان گوتی:"بێگومان لە پاڵ ئەمەشدا، وەک چۆن بەڕێز سەرۆک کەمێک پێش ئێستا ئاماژەی پێدا، ئێستا وێستگەی ئاکویو لە پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و تورکیادا پێگەیەکی گرنگی هەیە. ئێستا ئێمە چووینەتە قۆناخی کۆتاییهاتنی وێستگەی ئاکویو. ئێستا چاوەڕێ دەکەین وێستگەی ئاکویو تەواو بێت و رێوڕەسمێکی کردنەوەی بۆ سازبکەین. چونکە لەگەڵ کردنەوەی وێستگەی ئەتۆمیی ئاکویو، بەیەکەوە هەنگاو بۆ کردنەوەی هەندێک وێستگەی دیکەش دەنێین."
سەرۆککۆماری تورکیا بە گرنگییەوە ئەمەی بە بەر گوێی بەرپرسانی باڵای رووسیا هەڵدا کە چاوەڕێی کردنەوەی وێستگەکەن، هاوکات رایگەیاند لە پاڵ هەموو ئەمانە، لە بوارەکانی کشتوکاڵ و وزەدا هاوبەشییەکی بەهێز لە نێوان ئەنقەرە و مۆسکۆدا هەیە.
ئەردۆغان و پووتین پرۆژەی وێستگەی ئەتۆمیی ئاککویویان کردەوە
رۆژی 3-4-2018 ڤلادیمیر پووتین و رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرەوە و لەڕێی سیستمی ئۆنلاینەوە بەشدارییان لە دانانی بەردی بناخەی وێستگەی ئەتۆمیی ئاککویودا کرد.
پڕۆژەی بیناسازیی وێستگەی ئاککویو لە پارێزگای مێرسینی تورکیا دەستیپێکرا.
وێستگهكه له چوار بهش پێكدێت و 4 ههزار و 800 مێگاوات كارهبا بهرههمدههێنێت.
وێستگەی ئهتۆمیی ئاککویو:
- پێویستیی لە 10%ی كارهبای توركیا دابیندهكات.
- له چوار یهكهی ههزار و 200 مێگاواتی پێكهاتووه.
- توانای گشتیی دهگاته 4 ههزار و 800 مێگاوات كارهبا.
- سێ ههزار و 500 كرێكار بە هەمیشەیی لە پرۆژەکەدا كاردهكهن


