رووداو دیجیتاڵ
لەچوارچێوەی لیکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی گەندەڵی لە سندووقی وەبەرهێنان، بەڕێوەبەری گشتیی بۆرسەی ئیستەنبووڵ، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوی تاوانکاری و وەرگرتنی بەرتیل" دەستبەسەرکرا.
ئێوارەی رۆژی شەممە، 31-10-2026، کۆرکماز ئێنەس ئەرگون، بەڕێوەبەری گشتیی بۆرسەی ئیستەنبووڵ لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی ناسراو بە (دۆسیەی سندووقەکان)دا دەستبەسەرکرا. ئەمە یەکەمجارە لەم دۆسیەیەدا بەرپرسێکی لەو ئاستە باڵایە لە بۆرسەی ئیستەنبووڵ دەستبەسەر دەکرێت.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئیستەنبووڵ، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەرێوەبەری گشتیی بۆرسەی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێک کە بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوان رێکخراو و بەرتیل" دەستبەسەر کراوە.
داواکاری گشتی هیچ وردەکارییەکی لەبارەی جۆری ئەو مامەڵانەی کە تۆمەتی بەرتیلەکەی لەسەر بنیاتنراوە و بەڵگەکانی پشت تۆمەتەکەوە ئاشکرا نەکردووە.
لە مانگی ئەیلوولەوە، لە چوارچێوەی ئەم دۆسیەیەدا، چەندین بەڕێوەبەر و بەرپرسی کۆمپانیاکانی دارایی و وەبەرهێنان دەستبەسەرکراون، بەڵام ئەمە یەکەمجارە کە لێکۆڵینەوەکە راستەوخۆ بەڕێوەبەرایەتیی بۆرسەی ئیستەنبووڵ بگرێتەوە.
پێشتر، هەر لە چوارچێوەی هەمان دۆسیەی گەندەڵی، مەحموود سوتچو سەرۆکی دەستەی بازاڕی سەرمایە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
چاوەڕێ دەکرێ دەستبەسەرکردنی ئەو بەرپرسەی بۆرسەی ئیستەنبووڵ کاریگەری لەسەر دۆخی مامەڵە داراییەکان هەبێ لەکاتی کردنەوەی بۆرسەکە.
دۆسیەی گەندەڵی لە سندووقی وەبەرهێنان چییە؟
پرۆسەیەکی لێکۆڵینەوەی دادوەری و کارگێڕییە کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئیستەنبووڵ (نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر و سپیکردنەوەی پارە) بەڕێوەدەبرێت و دوای قەیرانی بازاڕی سەرمایە و سندووقەکانی وەبەرهێنان دێت کە لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی 2026 لە تورکیا سەریهەڵدا.
دەستەی بازاڕی سەرمایە، بەهۆی دەستنیشانکردنی پێشێلکارییەوە، 131 سندووقی وەبەرهێنانی سەر بە 7 کۆمپانیای لە کڕین و فرۆشتنی پشکەکانی راگرت و خستییە نێو پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە.
قەیرانەکە، کاریگەریی لەسەر زیاتر لە 455 هەزار وەبەرهێنەری تاک کردووە و قەبارەی سندووقەکانیش 800 ملیار لیرەی تورکی تێپەڕاندووە کە دەکاتە زیاتر لە 16 ملیار دۆلار.
تا ئێستا زیاتر لە 120 کەس بە تۆمەتی تێوەگڵان لەو دۆسیەی دەستگیر کراوە. دۆسیەکە ناوی چەندین کەسایەتی سیاسی و بازرگانی دیاری تورکیای تێدایە.
پەرلەمانی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە لیژنەی تایبەتی پێکهێناوە و یاسایەکی تایبەتیش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی سندووقەکان و دۆخی وەبەرهێنەرە زەرەرمەندەکان پەسند کرد.



