رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ بۆ چارەسەرکردنی دیپلۆماسییانەی ململانێکانی ناوچەکە. دەشڵێت، رێککەوتنی بەرگریی مەککە کە لەنێوان تورکیا، سعودیە و پاکستان واژۆ کراوە، فاکتەرێکی گرنگ دەبێت بۆ سەقامگیریی جیهان.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا لە لووتکەی سەرۆکی دەوڵەتانی رێکخراوی هاوکاریی شانگەهای لە شاری بیشکەکی پایتەختی قیرغیزستان رایگەیاند، "وەک تورکیا، بەرپرسیارێتی دەگرینە ئەستۆ بۆ گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی بۆ ئەو ململانێیانەی لە دەوروبەرماندا روودەدەن. رێکخراوی هاوکاریی شانگەهای وەک ئەستێرەیەکی گەشاوە دەبینین."
ئەردۆغان ئاماژەی بە "رێککەوتنی بەرگریی مەککە" کرد کە لەگەڵ سعودیە و پاکستان واژۆیان کردووە و وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ ئاشتیی جیهانی وەسفی کرد.
سەبارەت بە شەڕی غەززە و لوبنانیش، سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداریی دا و گوتی، "نابێت غەززە و لوبنان لەبیر بکرێن؛ بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 74000 کەس گیانیان لەدەستداوە و ئێستا تەواوی ناوچەکە باجەکەی دەدات."
تورکیا کە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆیە، لە ساڵی 2012ـەوە وەک "هاوبەشی دیالۆگ" بەشداری لە کۆبوونەوەکانی رێکخراوی هاوکاریی شانگەهایدا دەکات. ئەنقەرە هەوڵدەدات پێگە و پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا بەهێزتر بکات، بەتایبەتی دوای بەستنی هاوپەیمانیی نوێ لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی.
رێکخراوی هاوکاریی شانگەهای چییە؟
ئەم رێکخراوە سیاسی و ئابوورییە لە ساڵی 2001 دامەزراوە و ئێستا لە 10 وڵات پێکهاتووە. ئامارەکان دەریدەخەن کە ئەم بلۆکە رۆڵێکی گەورەی لە جیهاندا هەیە:
دانیشتووان: زیاتر لە 3.4 ملیار کەس (نزیکەی نیوەی دانیشتووانی جیهان).
رووبەر: نزیکەی 36 ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشە.
ئابووری: نزیکەی 25%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان و 15%ـی بازرگانیی نێودەوڵەتی پێکدەهێنێت.



