رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی نوێ رایگەیاند، ئەگەر لە یەکەمین هەڵبژاردندا سەرکەوتن بەدەستنەهێنێت و پارتەکەی نەباتە دەسەڵات، واز لە پۆستی سەرۆکایەتی دەهێنێت.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێ (یەنی پارتی) لە بارەگای نوێی پارتەکەیدا کە دووشەممە، 31-8-2026 کرایەوە، یەکەمین کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی سازکرد.
ئۆزەل داکۆکیی لەوە کرد کە دامەزراندنی پارتی نوێ، پڕۆژەیەکی سیاسیی سەر مێز نەبووە، بەڵکو داواکاریی دەنگدەران بووە و گوتی: "ئێمە بە ئەندازیارییەکی سیاسی یان بە نەخشەرێگەیەک کە خۆمان لەسەر مێز کێشابێتمان نەهاتووینەتە ئێرە. خەڵک ئێمەی گەیاندە ئێرە. بڕوامان بە خەبات و هیوای خەڵک ئێمەی گەیاندە ئێرە."
600 هەزار ئەندام و 11 ملیۆن دۆلار
پارتی نوێ دەستی بە کەمپەینێکی کۆکردنەوەی پارە کردووە، ئۆزگور ئۆزەل رایگەیاند، داهاتی دارایی لە رێی خەڵکی بەخشندە و دەرماڵەی ئەندامانەوە دابین دەکرێت، تائێستا 152 هەزار کەس کۆمەکی پارتەکەیان کردووە و 539 ملیۆن لیرە (نزیکەی 11.1 ملیۆن دۆلار) کۆکراوەتەوە.
ئۆزەل رایگەیاند، هاوتەریب لەگەڵ کەمپەینە داراییەکە، کەمپەینی ئەندامێتییش بە شێوەی ئۆنلاین لە رۆژی 13ی ئابەوە دەستیپێکردووە و گوتی:"لە ماوەی 18 رۆژدا ژمارەی ئەندامانمان لە 600 هەزار کەس تێپەڕیوە. زیاتر لە 400 هەزار لەو ئەندامانە بە ئۆنلاین و نزیکەی 200 هەزاری دیکەش لە رێی پێشکێشکردنی داواکارییەوە پەیوەندییان کردووە".
سەرۆکی پارتی نوێ هەروەها دەڵێ، پارتەکەی رۆژی 24ی تەممووز دامەزراوە و تاوەکو 31ی ئاب، رێکخستنەکانی پارتەکە لە 72 پارێزگا و 857 شارۆچکەدا تەواو بووە. راشیگەیاند، پلان وایە رێکارەکانی نۆ پارێزگاکەی دیکەش لەم هەفتەیەدا کۆتایی بێت.
"دەسەڵات وەرنەگرم، وازدەهێنم"
ئۆزەل لە گوتارەکەیدا مەرجێکی سیاسیی هەستیاری لەبارەی پۆستی سەرۆکایەتیی پارتەکەی لەسەر خۆی دا و گوتی: "ئەگەر لە یەکەم هەڵبژاردندا کە تێیدا بەشدار دەبم، پارتەکە نەکەمە پارتی یەکەم یان پارتی دەسەڵاتدار، دەستبەجێ کۆنگرە دەبەستم و پۆستەکەم رادەستی سەرۆکی داهاتوومان دەکەم."
رۆژی 21ـی ئایاری 2026 دادگایەکی ئەنقەرە بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی رەها"ی بۆ 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە دەرکرد کە تێیدا ئۆزگور ئۆزەل بووە سەرۆک. بەو بڕیارە، ئۆزەل و تیمەکەی رەوایەتییان لەدەستدا و کەمال کڵچدارئۆغڵو و ستافە کۆنەکەی گەڕانەوە سەر دەسەڵات، ئەوەش جەهەپەی تووشی گەورەترین قەیرانی یاسایی و سیاسیی مێژووی خۆی کرد.
رۆژی 24ـی تەممووزی 2026، ئۆزگور ئۆزەل و 91 پەرلەمانتار و زیاتر لە 100 سەرۆک شارەوانی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە جەهەپە راگەیاند و پارتێکی نوێیان بە ناوی یەنی پارتی (پارتی نوێ) دامەزراند. بە دامەزراندنی، ئەم پارتە بووە دووەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و هێزی ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکیی تورکیا.


