رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکی بەبۆنەی (جەژنی سەرکەوتن) کە شەوی 30-8-2026 پێشکێشی کرد، باسی پرۆسەی چارەسەریی کرد و سنگفراوانیی وڵاتەکەی بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دووپاتکردەوە؛هەروەها پرۆسەی چارەسەریی بە دەرفەتی مێژوویی وەسفکرد و هیوای خواست بەهەدەر نەدرێت.
ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی (ناوچەی بێ تیرۆر) و برایەتیی گەلانی ناوچەکە گوتی:"سنوورەکان دەکرێ لەڕووی فیزیکییەوە وڵاتەکان لە یەکدی جیابکەنەوە، بەڵام ناتوانن دڵەکان و مرۆڤەکان لەیەکدی جیابکەنەوە. بەتایبەتی ئەو برایانەی روو لە هەمان رووگە دەکەن، باوەڕیان بە هەمان کتێبی پیرۆز هەیە و دڵبەندی هەمان پەیامبەرن، سنوور لە نێوانیاندا ناکێشرێت".
ئەردۆغان جارێکی دیکە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی وڵاتانی ناوچەکە دووپاتکردەوە و گوتی:"ئێمە وەکو تورکیا، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێمانەوە بگرن هەتاکو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبین لە بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لە هەموو بوارەکاندا".
ئەردۆغان دوای ئەو گوتانە باسی رۆژی 1-10-2024ی کرد کە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵدا کرد کە ئەمە بووە دەستپێکی پرۆسەی چارەسەری.
ئەردۆغان لەمبارەیەوە گوتی:"بە هەوڵە زۆر بەهادارەکانی بەرێز دەوڵەت باخچەلی، هاوبەشی هاوپەیمانی جمهوورمان، دەرگای قۆناخێکی نوێ بەڕووی وڵاتەکەماندا کرایەوە. لە بابەتی چارەسەری هەمیشەیی تیرۆر کە نیو سەتەی لێ بردووین، مەدوای زۆر باشمان بڕی".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی بە هەنگاوێکی باش و ئەرێنی وەسفکرد و گوتی:" لە بابەتی ناوچەی بێ تیرۆریشدا دیدگەیەکی فراوانمان خستەڕووەوە. ئێستا دەبینین کە ئەم دیدگەیە هەنگاو بە هەنگاو دەچێتەپێشەوە. وەکو خەڵک و برایانی ناوچەکەمان، لەدوای کێشە زۆر گەورەکان، دەرفەتی نووسینی لاپەڕەیەکی زێڕینمان لە مێژوو بۆ رەخساوە. خوا یار بێت، رێگە نادەین ئەم دەرفەتەمان لەکیس بچێت".
جەژنی سەرکەوتن (زافەر)
یەکێکە لە گرنگترین بۆنە نیشتمانییەکانی تورکیا و هەموو ساڵێک رۆژی 30ی ئاب یادی دەکرێتەوە.
رۆژی 30ی ئابی 1922، لە کاتی جەنگی رزگاریی تورکیا (کورتوڵوش)، سوپای تورکیا بە سەرکردایەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک لە ناوچەی دومڵوپنار سەرکەوتنی تۆمارکرد.
ئەو سەرکەوتنە بووە هۆی تێکشکانی هێزەکانی یۆنان و تەواوبوونی جەنگەکە لە بەرژەوەندیی تورکیا.


.jpg&w=3840&q=75)