رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتدا لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا، 68 کەس بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە، قومار و ساختەکاریی دارایی دەستگیرکراون. دەشڵێت، تەنیا یەکێک لە تۆڕەکان نزیکەی 372 ملیۆن دۆلاری سپیکردووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی ئابی 2026، ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی رایگەیاند، ئۆپراسیۆنێکی فراوان بۆ دەستگیرکردنی 77 تۆمەتبار کراوە؛ تاوەکو ئێستا 68یان دەستبەسەر کراون و هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی 9 تۆمەتبارەکەی دیکەش بەردەوامن.
وەزیری داد روونیکردەوە کە لە ئیستەنبووڵ تۆڕێکی قوماری نایاسایی و سپیکردنەوەی پارە دۆزراوەتەوە، کە قەبارەی گواستنەوەی پارەکەیان لە نێوان ساڵانی 2024 بۆ 2025 گەیشتووەتە نزیکەی 17.9 ملیار لیرەی تورکی (نزیکەی 372 ملیۆن دۆلار).
لەو چوارچێوەیەدا، دەست بەسەر چەندین خانوو، زەوی، ئۆتۆمبێل، هەژماری بانکی و دراوی کریپتۆدا گیراوە و 13 گومانلێکراویش لەو شارە دەستبەسەر کراون.
لە پارێزگای دیلۆک لە باکووری کوردستان، ئۆپراسیۆنەکە بازرگانانی دراوی کردووەتە ئامانج. بەپێی زانیارییەکانی وەزیری داد، 28 کەس دەستگیرکراون کە بە شێوەیەکی نایاسایی دراوی بیانییان هێناوەتە ناو تورکیا و پاشان بردوویانەتە دەرەوە. ئەو گرووپە تۆمەتبارن بە سپیکردنەوەی 13.7 ملیار لیرەی تورکی (نزیکەی 287 ملیۆن دۆلار).
هەر لە چوارچێوەی هەمان ئۆپراسیۆندا، لە پارێزگای ئەنتاڵیا 27 کەس بە تۆمەتی ساختەکاری لە باج و تاوانی دارایی دەستگیرکراون.
ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هاوئاهەنگیی داواکاریی گشتیی شارەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنتاڵیا و دیلۆک و لەلایەن هێزەکانی جەندرمە و ئاسایشەوە کراوە. ئەمەش وەک بەشێک لە ستراتیژیی نوێی حکومەتی تورکیا بۆ تووندکردنی رێکارەکان بەرامبەر بە گەندەڵیی دارایی و سپیکردنەوەی پارە لە وڵاتەکەدا.

