رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلی دووەمی ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لەدژی گرووپی ئایینی سولەیمانچییەکان بەڕێوەچوو و 12 کەسی دیکە دەستگیرکران.
ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی شەممە، 22ـی ئابی 2026 کرا. سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی کۆماریی ئەنقەرە، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوای شەپۆلی یەکەمی ئۆپەراسیۆن کە لە 13ـی ئابی 2026 کرا، دوای لێکۆڵینەوەی زیاتر و بەدەستهێنانی بەڵگە، شەپۆلی دووەمی ئۆپەراسیۆن کرا. لە چوارچێوەی کارەکاندا لە ئیستەنبووڵ، قۆنیا، مەرسین و موغڵا، رێکاری یاسایی بەرامبەر 13 گومانلێکراو گیراوەتەبەر و 12 گومانلێکراو دەستگیرکراون. هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی یەک گومانلێکراوەکەی دیکە بەردەوامن."
چی روویدابوو؟
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی کۆماریی ئەنقەرەوە بەڕێوەدەچوو، لە 13ـی ئابدا لە 17 پارێزگا ئۆپەراسیۆن دژی ئەو گرووپە کرا کە بە سولەیمانچییەکان ناسراون. لەنێو گومانلێکراوە دەستگیرکراوەکاندا، 32 کەس، لەوانە عەلیهان کوریچ، سەرۆکی سولەیمانچییەکان، خرانە زیندانەوە و شەش کەسی دیکەش بەمەرجی چاودێریی دادوەری ئازادکران.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا و لەکاتی گەڕان بەدوای هیلمی تونا کوریچ، برای عەلیهان کوریچی زیندانیکراو کە هەڵاتووە، 200 کیلۆگرام خشڵی زێڕ کە بەهاکەی نزیکەی 28 ملیۆن دۆلار بوو، دۆزرایەوە. عەلیهان کوریچ لە گوتەکانیدا رایگەیاندبوو کە ئاڵتوونەکان دیاریی زەماوەند بوون.
کوریچ و گومانلێکراوانی دیکە رووبەڕووی تۆمەتەکانی "دامەزراندن و بەڕێوەبردنی رێکخراوی تاوانکاری"، "ئەندامێتیی لە رێکخراوی تاوانکاری"، "سپیکردنەوەی داهاتی بەدەستهاتوو لە تاوان"، "فێڵکردن" و "خۆدزینەوە لە باج" بوونەتەوە. لە لێکۆڵینەوەکەدا باس لەوە دەکرێت کە لەرێگەی کەسان و کۆمپانیاکانی سەر بەو گرووپەوە، زیاتر لە 100 ملیار لیرە (دوو ملیار و 83 ملیۆن دۆلار) جووڵەی پێکراوە.
سولەیمانچییەکان کێن؟
سولەیمانچییەکان یان بە گوتەی خۆیان "سولەیمانلییەکان"، یەکێکە لە کۆمەڵە ئایینییە زۆر ناسراوەکانی تورکیا و جیهان. بنکەی سەرەکییان لە تورکیایە. کۆمەڵەکە ناوەکەی لە "سولەیمان هیلمی توناهان"ـی دامەزرێنەریانەوە وەرگیراوە کە وەک "ئوستاد" ناوی دەبەن. لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا، لە تورکیا دامەزرا. نزیکەی دوو ملیۆن ئەندامی هەیە.
کۆمەڵەکە لە هەموو کیشوەرەکانی جیهان و لە زۆر وڵاتدا، خولی فێربوونی قورئان، بەشە ناوخۆیی، وەقف و کۆمپانیای کردووەتەوە. کۆمەڵەکە لە سیاسەتی تورکیادا کاریگەر بووە. کەمال کاچار، عارف ئەحمەد دەنیزئۆڵگون، محەمەد بەیازید دەنیزئۆڵگون و فاتیح سولەیمان دەنیزئۆڵگون، ئەو سیاسەتمەدارە تورکانەن کە پەیوەندییان بە کۆمەڵەکەوە هەبووە.



