رووداو دیجیتاڵ لە 128ـەمین کۆنفرانسی سەندیکای پارێزەرانی ئیستەنبووڵ، گرژی دروستبوو و دەمەقاڵێ بۆ شەڕەبۆکس پەرەی سەند. ئێوارەی رۆژی 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆنفرانسی گشتیی سەندیکای پارێزەرانی ئیستەنبووڵ، کە نزیکەی 70 هەزار پارێزەر ناوی خۆیان بۆ ئامادەبوون تێیدا تۆمارکردووە، لە ناوەندی کۆنگرەکانی هالیچ بەڕێوەچوو. دوای ئەوەی عاریفە گۆککایا دینچ، بەربژێری گرووپی پارێزەرە سەربەخۆکان گوتارەکەی تەواو کرد، گرژی لە هۆڵەکەدا دروستبوو. هەندێک پارێزەر ئاڵای کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە (هاوڕەگەزخوازان)یان بەرزکردەوە و دروشمی "سەرەڕای رق و کینە، بژی ژیان"ـیان گوتەوە. بەرامبەر بەمە، گرووپێکی دیکەی پارێزەران بە دروشمی "بڕووخێ پەکەکە" وەڵامیان دایەوە. گرژییەکە لە ماوەیەکی کورتدا پەرەی سەند و بووە شەڕەبۆکس لەنێوان گرووپە جیاوازەکانی پارێزەران. دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە، کۆنفرانسەکە بە گوتاری بەربژێرەکانی دیکەی سەرۆکایەتیی سەندیکاکە درێژەی پێدرا. مەرد ئەر کاراگول، سەرۆکی دیوانی کۆنفرانسەکە لە گوتاری دەستپێکیدا ئاماژەی بەوەدا کە پارێزەران لە کێشەکانی کۆمەڵگە دابڕاو نین و قەیرانی ئابووری دەستگەیشتن بە دادپەروەریی قورس کردووە. کار و چالاکییەکانی کۆنفرانسی گشتیی سەندیکای پارێزەرانی ئیستەنبووڵ ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری سەندیکا.