رووداو دیجیتاڵ
لە دەریای مەڕمەڕە و لە بەرامبەر دوورگەکانی شازادەکان لە ئیستەنبووڵ، 117 بوومەلەرزە بە پلەی رێختەری جیاواز لە سێ رۆژدا تۆمارکراون.
رۆژی هەینی 21ی ئابی 2026، روانگەی کاندلیی تورکیا رایگەیاند، لە 18 تاوەکو 20ی ئاب، 117 بوومەلەرزە بە گوڕی 0.7 تاوەکو 3.1 پلە بە پێوەری رێختەر لە باشووری دوورگەکانی شازادەکان لە دەریای مەڕمەڕە تۆمارکراون.
شارەزایانی بواری زەویناسی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم بوومەلەرزانە تایبەتمەندیی هاوشێوەیان هەبووە و زنجیرەیەک لەرینەوەی وردی کۆبووەوە بوون لە شوێن و کاتی دیاریککراودا، بۆیە ناوچەکە خراوەتە ژێر چاودێریی بەردەوام.
ئۆکان تۆیسوز، شارەزای زەویناسی بە ئاژانسی ئانادۆڵی تورکیای راگەیاند: "ئەم چالاکییە دەریدەخات کە هێڵی بوومەلەرزەی ناوچەکە چالاکە، بەڵام ناکرێ بکرێتە بەڵگە بۆ نزیکبوونەوەی بوومەلەرزەی گەورە."
ئەو زەویناسە روونیکردەوە کە لەرینەوە بچووکەکان بە مانای بەتاڵبوونی وزەی پەستێنراو نایەن و توانای دیاریکردنی روودانی بوومەلەرزەی گەورەتریان نییە.
هاوکات محەممەد فاتیح ئاڵتان، شارەزای زەویناسی رایگەیاند، ئاستی لەرینەوە تۆمارکراوەکان مەترسیدار نییە و دۆخەکە پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات، بەڵام چاودێرییەکان بەردەوام دەبن.
ئەو شارەزایانە ئاماژەیان بەوەشکرد، هیچ ئاماژەیەک بۆ روودانی بومەلەرزەی گەورە لە ئیستەنبووڵ نییە.




