رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی ئەبو زوهور لە سووریا، "هەوڵێکە بۆ تێکدانی سەقامگیری، ئاسایش، یەکپارچەیی و ژێرخانی ئەو وڵاتە." وەزارەتەکە رەتیکردەوە لە کاتی هێرشەکەدا شاندی سەربازییان لەوێ بووبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەیدا رایگەیاند: "لە هەموو دەرفەتێکدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە هێرشەکان بۆ سەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا قبووڵکراو نین و بەپێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
ئاکتورک ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە، باشووری لوبنان و سووریا، ئاسایشی ناوچەکە کەوتووەتە مەترسییەوە.
ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات شاندێکی سەربازیی تورکیا سەردانی بنکەکەیان کردووە، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند: "پێش هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی ئەبو زوهور لە سووریا یان لە کاتی هێرشەکەدا هیچ شاندێکی سەربازیی تورکیا لە بنکەکەدا نەبووە."
زەکی ئاکتورک گوتی: "بۆ ئارامی و ئاسایشی هەم سووریا و هەم ناوچەکە، زۆر پێویستە ئیسرائیل کۆتایی بەم جۆرە هێرشە بێباکانەیە بهێنێت و مەرجەکانی یاسای نێودەوڵەتی جێبەجێ بکات." گوتیشی: "لە چوارچێوەی بنەمای 'تەنیا یەک سوپا'دا بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی چالاکییەکانی بونیادنانی ژێرخان و توانای سەربازیی سووریا."
رۆژی 18ـی ئابی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئیدلب لە ناوچەی ئەبو زوهور لە رۆژهەڵاتی پارێزگاکە لە باکووری سووریا.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی حکومەتی نوێی سووریا و تورکیا کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک رێگە بە بوونی سەربازیی تورکیا لە نێو خاکی سووریادا نادات، چونکە ئەوە وەک "هەڕەشەیەکی راستەوخۆ" بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دەبینێت.
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، نەتەنیاهوو لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر لە رێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە هۆشدارییان دابووە سووریا کە رێگە بە جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا نەدات، بەڵام بە گوتەی ئەو "بەرپرسانی دیمەشق پەیامەکەیان بە دروستی وەرنەگرت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە راشکاوی رایگەیاند: "هێرشەکەی (سێشەممە) بۆ سەر سووریا بۆ ئەوە بوو کە پەیامەکەمان بە دروستی بگەیێنین."
وەزارەتی دەرەوەی سووریا هێرشەکەی بە "دەستدرێژییەکی بێپاساو" زانی و داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد سنوورێک بۆ "پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل" دابنێن.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە رێگەی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی خۆیەوە بۆ سووریا، لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە رایگەیاند: "ئەمە زیادکردنێکی ناپێویستی گرژییەکانە و خزمەت بە سەقامگیری ناکات."
واشنتن پێیوایە حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع هەڵوێستی شەڕەنگێزانەی نەبووە و باشترە پەنا بۆ رێگەچارەی دیپلۆماسی ببرێت.


