رووداو دیجیتاڵ
پارێزەر و ئەندامێکی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەندازیاری پرۆسەی چارەسەرییە و کاتی ئەوە هاتووە رۆڵی ئەو وەک "رێکخەری پرۆسەکە" سیفەتێکی فەرمی و یاسایی وەربگرێت.
فایق ئۆزگور ئێرۆڵ، ئەندامی شاندی ئیمراڵی، هەڵسەنگاندنی بۆ "یاسای پاڵپشتیی نیشتمانی" کرد کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری و رایگەیاند: "ئەم یاسایە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ ئێستا کارەکان بۆ داڕشتنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی دەستیپێکردووە و یەکێک لە هەنگاوە سەرەکییەکانیش پێکهێنانی ئەو لیژنانەیە کە لە یاساکەدا هاتوون."
ئەو ئەندامەی شاندی ئیمراڵی ئاماژەی بەوە کرد یاساکە باس لە پێکهێنانی چەند لیژنەیەک دەکات، لەوانە "لیژنەی بەدواداچوون و هاوئاهەنگی" و "لیژنەی چاودێریی پەرلەمان". ئێرۆڵ جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لیژنەیەکی دیکە بە ناوی "لیژنەی ئاشتی و بەسیاسیکردن" پێکبهێندرێت و گوتی: "دەبێت لەم لیژنەیەدا، بەڕێز ئۆجەلان رۆڵێکی چالاکتر و فەرمییتر لەوەی تاوەکو ئێستا هەیبووە، بگێڕێت."
ئێرۆڵ لەبارەی پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، گوتی: "ئەو لە سەرەتاوە ئەندازیاری ئەم پرۆسەیە بووە، دەقەکانی نووسیوە و بانگەوازی کردووە. هەرچەندە لە واقیعدا وەک لایەنێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ کراوە، بەڵام مەرجەکانی کارکردن و پەیوەندیکردنی لە زیندانی ئیمراڵی هێشتا وەک پێویست نین."
سەبارەت بەوەی ئایا ئۆجەلان وەک رێکخەر لەناو لیژنەکاندا دەبێت، ئێرۆڵ روونیکردەوە: "لەبەر ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئابەوە نەچووینەتە ئیمراڵی، زانیاریی وردمان لەبەردەست نییە، بەڵام واقیعێک هەیە بە ناوی 'رێکخەریی ئۆجەلان'. گەورەترین چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە ئەم واقیعە چوارچێوەیەکی فەرمی و یاسایی وەربگرێت."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، جارێکی دیکە لە نێوەندە سیاسییەکانی تورکیادا باس لە دووبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی و دیاریکردنی رێکارە یاساییەکان بۆ چارەسەریی پرسی کورد دەکرێت.



