رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) رایگەیاند، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەن، کە کرایە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پیرمام.
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار، لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ئەو هێرشەی لە 17ـی ئاب کرایە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قەزای پیرمام، هەست بە دڵتەنگی و نیگەرانی دەکات.
یاپیجیئۆغڵو دەڵێت: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە دەکەم کە کەسایەتیی جەنابتان و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج. ئەوەی جێگەی دڵنەواییە، ئەوەیە هێرشەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە."
سەرۆکی هوداپار رایگەیاند، ئەوان دژی هەر جۆرە هێرشێکن کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بکاتە ئامانج و دەڵێت: "بڕوای تەواومان وایە کە کێشەکان نەک بە شەڕ و تووندوتیژی، بەڵکو دەبێت لە رێگەی دیالۆگ، لێکتێگەیشتنی دوولایەنە و شێوازی ئاشتییانەوە چارەسەر بکرێن."
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو هیوای خواستووە بکەرانی هێرشەکە بە زووترین کات ئاشکرا بکرێن و دەڵێت: "هیوادارین تەمومژی پشت ئەم هێرشە بڕەوێتەوە و بکەرانی بە زووترین کات ئاشکرا بکرێن. بەم بۆنەیەوە، لە رێگەی جەنابتانەوە هیوای سەلامەتی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردی برا دەخوازین."
بەگوێرەی دژە تیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17-08-2026، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە "لە سنووری ئێرانەوە" ئاراستە کرابوون، نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنیان لە پیرمام لە پارێزگای هەولێر کردە ئامانج.



