رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی میدیای وڵاتەکە سوپای تورکیا بنکەی سەربازیی تەلسەندەلی لە دەوروبەری ئیدلب چۆڵ کرد و بڕیارە رادەستی حکومەتی خۆجێی ناوچەکەی بکات.
سوپای تورکیا بنکەی سەربازیی تەلسەندەلی لە دەوروبەری ئیدلبی سووریا چۆڵ کرد و راشگەیێندراوە کە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ رادەستکردنی ناوچەکە بە ئیدارەی خۆجێیی واژۆ کراوە.
ئەو بنکەیەی تورکیا لە نزیک گوندی زەردەنای سەر بە قەزای مەعرەت میسرین لە ئیدلب بوو.
هەر بەگوێرەی میدیای تورکیا، فادی عەبدولفەتاح، بەڕێوەبەری کارگێڕیی قەزای مەعرەت میسرین، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی واژۆ کردووە کە تێیدا هاتووە ناوچە چۆڵکراوەکە رادەستی ئیدارەی خۆجێیی ئیدلب دەکرێت.
لە سەرەتای مانگی ئابدا، چۆڵکردنی پێگە سەربازییەکانی گوندی جەلبەرە لە دەوروبەری عەفرین و کەمپی سەربازیی مەستوومە لە دەوروبەری ئیدلب بڵاوکرابووەوە.
تورکیا لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاستانە و رێککەوتنەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان کە لە ساڵی 2017ـەوە دەستی پێکرد، ژمارەیەکی زۆر خاڵی چاودێریی لە دەوروبەری ئیدلب، حەما و حەلەب دروست کردبوو.



