رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا بڵاویکردەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لە دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیدا قسەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد.
ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، بڵاویکردەوە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا باسی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کراون.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان ئەمڕۆ بەرپرسان بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی بەرەبەیان، پەیوەندی بە مەسرور بارزانییەوە دەکەن .
بەگوێرەی دژەتیرۆری کوردستان، کاژێر 00:28ی بەرەبەیانی دووشەممە 17-8-2026 دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.
دژەتیرۆری کوردستان هەروەها رایگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.



