رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ، یەکەم دانیشتنی قۆناخی دووەمی دۆزی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەستپێدەکات و تۆمەتبارەکان بەرگری لە خۆیان دەکەن. قۆناخی یەکەمی دۆزەکە 31 دانیشتنی بۆ کرا و نزیکەی چوار مانگی خایاند.
دۆسیەی قۆناخی یەکەمی پرۆسەی دادگەییکردنەکەی بەرپرسانی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، لەبارەی دانپێدانانەکان بوو لە وەرگرتنی بەرتیل. دۆسیەی قۆناخی دووەم تایبەت دەبێت بە بەڕێوەبردنی تاوانی رێکخراو.
لە دۆزەکەدا 414 تۆمەتبار دادگایی دەکرێن کە 53 کەسیان زیندانین و کەسانی دیاری وەک ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، رەسوڵ ئەمره شاهان، محەممەد موراد چاڵک، نەجاتی ئۆزکان، موراد ئۆنگون و محەممەد پەهلیڤانیان تێدایە. دانیشتنەکە ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی ئابی 2026، لە 33ـیەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ دەستپێدەکات.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی (پارتی نوێ) بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنی دووەمی دۆزی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەچێتە شوێنەکە.
پێشبینی دەکرێ ئەم دانیشتنە لە ماوەیەکی کورتتر و لە نزیکەی دوو مانگدا تەواو بێت. تاوەکو ئێستا دیار نییە ئایا ئیمامئۆغڵو داوای بەرگریکردن دەکات یان نا و ئایا سەرۆکی دادگە رێگەی پێدەدات بەرگری لەخۆی بکات؟
لە قۆناخی یەکەمی دانیشتنەکاندا چی روویدا؟
یەکەم دانیشتنی قۆناخی یەکەمی دۆزی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لە 9ـی ئادار دەستیپێکرد و لە 8ـی تەممووز کۆتایی هات.
سەرەتا 402 تۆمەتبار هەبوون کە 107ـیان زیندانی بوون، بەڵام دوای یەکخستنی دۆسیەی دادگەی بەیئۆغڵو لەگەڵ دۆسیەی سەرەکی، ژمارەی تۆمەتباران بۆ 414 کەس و ژمارەی زیندانییان بۆ 110 کەس بەرزبووەوە.
لە ماوەی دانیشتنەکانی قۆناخی یەکەمدا، بەهۆی ئازادکردنی بەشێک لە تۆمەتبارەکان، ژمارەی تۆمەتبارە زیندانییەکان بۆ 53 کەس کەمبووەوە.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی قۆناخی یەکەمی دادگەییکردنەکە، پاشگەزبوونەوەی 4 تۆمەتبار بوو لە دانپێدانانەکانیان لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدا. هەندێک لە تۆمەتباران بانگەشەی ئەوەیان کرد کە رووبەڕووی پرسیاری ئاراستەکراو بوونەتەوە و ناچارکراون دژی کەسانی دیاریکراو قسە بکەن.
لە دانیشتنەکاندا بانگەشەی ئەوەش کرا کە لە رێگەی نێوەندگیر و پارێزەرانەوە پێشنیازی ئازادکردن لە بەرامبەر دانپێداناندا بە هەندێک لە زیندانییان کراوە.
پشکنین و رەوشی زیندانەکان
لە یەکەم دانیشتندا، باس لە رەوشی دەستگیرکردن و زیندانەکان کرا. فەتۆش پینار تورکەر، بەڕێوەبەری گشتیی میدیای گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە کاتی دەستگیرکردنیدا رووبەڕووی پشکنینی ورد بووەتەوە و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا گوشاری خراوەتە سەر. دوای بانگەشەکەی تورکەر، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لەوبارەیەوە دەستپێکردووە.
سنووردارکردنی ماوەی بەرگری
لە رۆژانی کۆتایی یەکەم دانیشتندا، سنووردارکردنی ماوەی بەرگریی مشتومڕی دروستکرد. سەرۆکی دادگە داوای لە پارێزەرانی موراد ئۆنگون کرد کە لە ماوەی دیاریکراودا بەرگرییەکانیان تەواو بکەن. ئەمەش ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە.
ئیمامئۆغڵو، لە بەرامبەر سنووردارکردنی ماوەی بەرگریی ناڕەزایەتی دەربڕی و رایگەیاند، مافی بەرگریی تۆمەتبارانی دیکە پێشێل دەکرێ و بەرگرییەکەی خۆی لە دوو رۆژدا تەواو نابێت. دوای زیادبوونی گرژییەکان، ئیمامئۆغڵو لە هۆڵی دادگە کرایە دەرەوە. دواتر، کاتێک نۆرەی بەرگریی ئیمامئۆغڵو هات، دادوەر جارێکی دیکە بڕیاری دەرکردنی لە هۆڵی دادگە دا و لە تۆماری دادگەدا نووسرا کە ئیمامئۆغڵو "مافی بێدەنگیی بەکارهێناوە". بەم شێوەیە، ئیمامئۆغڵو یەکەم دانیشتنی بەبێ بەرگریکردن کۆتایی پێهێنا.
پێش دانیشتنی دووەم هیچ کەسێک ئازاد نەکرا
لە 6ـی ئاب، دادگە بڕیاری دا هەر 53 تۆمەتبارە گیراوەکان لە گرتووخانەدا بمێننەوە. بەمەش پێش دانیشتنی دووەم هیچ تۆمەتبارێک ئازاد نەکرا.
سێ لێکۆڵینەوەی نوێ دژی ئیمامئۆغڵو
لەکاتێکدا دۆزەکە بەردەوام بوو، سێ لێکۆڵینەوەی جیاواز دژی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بەهۆی قسەکانی لە دانیشتنەکاندا دەستیپێکرد. لێکۆڵینەوەکان لەسەر بنەمای "سووکایەتیکردن بە فەرمانبەری دەوڵەت لە کاتی ئەرک" و "هەڕەشەکردن لە فەرمانبەری دەوڵەت" بوون.
دادگە گۆڕدرا
لەکاتێکدا یەکەم دانیشتن بەردەوام بوو، ئەو دادگەیەی کە دۆزەکەی لە ئەستۆ بوو، گۆڕدرا. دادگاییکردنەکە لە 9ـی ئادار لە 40ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ دەستیپێکرد، بەڵام دواتر دادگەکە داخرا. هەمان سەرۆک و دەستە لە 33ـیەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ بەردەوام بوون لە کارەکانیان.
یەکەم دانیشتنی قۆناخی دووەمی پرۆسەی دادگەییکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و بەرپرسە تۆمەتبارکراوەکانی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ تایبەتە بە دۆسیەی "تاوانی رێکخراو". بەپێی یاسای سزاکانی تورکیا، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە لەپێناو سەپاندنی هەژموون و کۆنترۆڵکردنی تەواوی جومگە کارگێڕی و داراییەکان و گۆڕینی ئاراستەی بۆ بەرژەوەندیی کەسی و گرووپ.
رۆژی 19ـی ئاداری 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 106 کەس کە زۆربەیان سەرۆک و ئەندامانی شارەوانییەکانی جەهەپە بوون بە تۆمەتەکانی "پاڵپشتیکردن لە تیرۆر، گەندەڵی دارایی، بەرتیلدان و وەرگرتنی بەرتیل، دەستوەردان لە تەندەرەکانی دامەزراوە گشتییەکان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات" دەستگیرکران.
رۆژی 23ـی مانگ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 48 کەسی دیکە سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا و رەوانەی گرتووخانەی سزاکانی سیلیڤری لە ئیستەنبووڵ کران.



