رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی وەرگەڕانی مینی پاسێک لە سنووری پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە باری تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە. سەرنشینەکان بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئاهەنگێکی نیشانکردن بەرەو پارێزگای مووش بەڕێوەبوون.
رووداوەکە ئەمڕۆ شەممە 15-8-2026 لە رێگەی لیجە - قوڵب روویدا. مینی پاسێک لە نزیک گوندی قەرەحەسەن کۆنترۆڵی لەدەستدا و وەرگەڕا. دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی فریاکەوتن، بەرگریی شارستانی و جەندرمە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
لە رووداوەکەدا حەوت کەس مردن و نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون کە برینی یەکێکیان سەختە.
بریندارەکان دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی لەلایەن تیمی تەندروستییەوە، گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.
سەرنشینانی مینی پاسەکە لە ئامەدەوە بەرەو مووش بەڕێکەتبوون بۆ ئەوەی بەشداری لە ئاهەنگێکی نیشانکردندا بکەن.
لە راگەیێندراوێکی پارێزگای ئامەددا هاتووە، رووداوەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە شارۆچکەی لیجەی سەر بە ئامەد روویداوە. پارێزگا رایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی راپۆرتی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا، لە یەکەمین شەش مانگی ئەم ساڵدا 328 هەزار و 29 رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە.
لەو رووداوانەدا 972 کەس گیانیان لەدەستداوە و 183 هەزار و 916 کەسیش بریندار بوون.



