رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، سووریا بە تەنیا نییە و وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک بۆ پشتگیریکردنی سەقامگیرییەکەی دەدات و گوتی، کوردی سووریا پشکیان لە ئاشتی و سەقامگیریدا دەبێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە کە بڕیارە سبەی یەکشەممە 16ـی ئابی 2026 پەخش بکرێت، باسی لە رێککەوتنی مەککە، دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، لوبنان، غەززە و جەنگی ئێران و ئەمریکا، دوایین پێشهاتەکانی تەنگەی هورمز و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و گوتی: "چوونە نێو یەکێتیی ئەورووپا بۆ وڵاتەکەم کاری لەپێشینە نییە و ئەورووپا لەم حاڵەتەدا دۆڕاوە."
سەبارەت بە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، سووریا بە تەنیا نابێت و وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک بۆ پشتگیریکردنی سەقامگیرییەکەی دەدات.
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی: "کوردی سووریا پشکیان لە ئاشتی و سەقامگیریدا دەبێت" و ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد و پاراستنی مافەکانیان لە وڵاتە جیاوازەکانی ناوچەکەدا.
لەبارەی رێککەوتنی بەرگریی هاوبەش کە لەگەڵ سعودیە و پاکستان واژۆیان کردووە، ئەردۆغان گوتی: "رێککەوتنی مەککە رێگە بەوە دەدات وڵاتانی دیکەش لە داهاتوودا ببنە ئەندام."
سەبارەت بە بەشداریکردنی میسر لە رێککەوتنەکە، ئەردۆغان گوتی، "بەشداریکردنی میسر تێیدا ئەگەرێکی کراوەیە."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتنەکە ئەوە دەخوازێت ئەگەر یەکێک لە وڵاتانی واژۆکار رووبەڕووی هێرشێکی دەرەکی بووەوە، ئەوانی دیکە هەنگاوی هاوبەش بنێن و جەختی لەوە کردەوە رێککەوتنەکە پەیامێکی گرنگی بە جیهان داوە.
ئەردۆغان، لە هەڤپەیڤینەکەدا باسی لە چەندین دۆسیەی هەرێمی کرد، لەوانە تەنگەی هورمز، سووریا، غەززە و لوبنان.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، وڵاتەکەی کردنەوەی تەنگەی هورمز بە کارێکی لەپێشینە دەزانێت، چونکە بەردەوامبوونی داخستنی لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە قەتەر رۆڵێکی گرنگی لە هەوڵەکانی نێوەندگیری بۆ راگرتنی شەڕ لە ناوچەکەدا گێڕاوە.
ئەردۆغان گوتیشی، "ناکرێت تورکیا غەززە بە تەنیا جێبهێڵێت و هەرچی پێویست بێت بۆ پشتگیریکردنی دەیکەین." ئاماژەی بەوەش کرد، بزووتنەوەی حەماس بە راشکاوی پابەندییەکانی جێبەجێ دەکات، لە کاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە شەڕ.
سەبارەت بە لوبنان، سەرۆککۆماری تورکیا روونیکردەوە، بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، جێگەی نیگەرانییەکی گەورەی تورکیایە.
ئەردۆغان گوتی، کاتێک دۆناڵد ترەمپ سەردانی ئەنقەرەی کرد، لەگەڵ ئەودا باسیان لە پێویستیی راگرتنی شەڕ لە دژی لوبنان کردووە و ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵی واشنتن لە راگرتنی ئەو شەڕەدا کرد.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، ئەورووپا ئارەزووی ئەوەی نییە تورکیا ببێتە ئەندامی، ئاماژەی بەوە دا کە چوونە نێو ئەو یەکێتییە بۆ وڵاتەکەی کارێکی لەپێشینە نییە و "ئەورووپا لەم حاڵەتەدا دۆڕاوە."
سەبارەت بە پرسی پێدانی فڕۆکەی "ئێف-35" بە تورکیا، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، لەلایەن ترەمپەوە بەڵێنی پێ دراوە سەبارەت بە فڕۆکەکانی "ئێف-35" و چاوەڕێیە بەڵێنەکەی بباتە سەر.



