رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، وڵاتەکەی لە جەنگی سوپا لەگەڵ پەکەکە رزگار کردووە و ئاماژە بەوەش دەکات کە "برایەتی" بنەمای مانەوەی تورکیایە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، ئەمشەو 14ـی ئابی 2026، لە پارکی میللەت لە ئەنقەرە، لە ئاهەنگی 25 ساڵیادی دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کە خۆی دامەزرێنەرییەتی، گوتارێکی پێشکێشی ئەندامان و لایەنگرانی پارتەکەی کرد.
ئەردۆغان گوتی، جەنگی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە بووە هۆی ئازارێکی گەورە بۆ تورکیا و سامانی گەنج تێکدا، بەڵام ئێستا بە هەوڵی "هاوپەیمانیی جمهوور" و پشتیوانیی پەرلەمان، ئەو پرسە بەرەو کۆتایی دەچێت.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە گەورەترین سەرمایەی تورکیا "برایەتیی" نێوان پێکهاتەکانە و گوتی: "ئەوەی بۆ هەزار ساڵە ئێمەی لەم جوگرافیایەدا بە پێوە هێشتووەتەوە، ئەو برایەتییەیە کە لە ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەگەر لەم خاکەدا دەنگی بانگ و قورئان کز بێت، بزانن برایەتیشمان لاواز دەبێت."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، "سەدەی تورکیا" لەسەر بنەمای ئەم برایەتییە بونیات دەنرێت و هیچ کەسێک نابێت نیگەرانی داهاتوو بێت، چونکە هەموو هەنگاوەکانیان بۆ پاراستنی نەوەکانی داهاتووە لە تورکیایەکی بێ شەڕ.
ئەردۆغان هێرشی کردە سەر ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت رێگری لە پرۆسەی چارەسەری بکەن و گوتی: "هەندێک کەس دەیانەوێت مێشکی خەڵک تێکبدەن و کێشەکان بەبێ چارەسەری بهێڵنەوە، چونکە ئەگەر تیرۆر نەمێنێت، ئەوان بێکار دەمێننەوە و ئەو زۆنگاوەی لێی دەخۆنەوە، وشک دەبێت. تەنیا ئەو کەسانە لە نەمانی تیرۆر خەمبار دەبن کە پلانیان لەسەر تورکیا هەیە و 40 ساڵە سوود لەم برینە دەبینن."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ئەردۆغان وێنەیەکی گەشبینانەی بۆ ناوچەکانی باکووری کوردستان کێشا و رایگەیاند، ئێستا گەشتیاران لە هەموو جیهانەوە روو لە ناوچەی سووری دیاربەکر دەکەن بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش.
ئەردۆغان گوتی، ئێستا لە چیاکانی دێرسم چیدیکە بۆنی بارووت نایەت، بەڵکو بۆنی گوڵ و گوڵزار دێت؛ هەروەها لە چیاکانی جیڵۆی جۆلەمێرگ چیدیکە دەنگی گوللە نایەت، بەڵکو هەڵپەڕکێ و دیلان دەکرێت.
دەقی ئەو بەشەی گوتاری ئەردۆغان سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری و برایەتیی کورد و تورک پێشکێشی کرد:
کێشەی تیرۆر لە ساڵی 1984ـەوە ئازاری دەداین، ئێستا بە ئاسوودەیی بە ناوچە کوێستانییەکاندا دەگەڕێین. رۆڵەکانمان یەک لە دوای یەک بە خاک دەسپێردران. گەنجانی تورکیا، دەستکەوتیان، ورەیان، خەونیان، هەمووی بەهۆی تیرۆر و کردە تیرۆریستییە ناپاکەکانەوە رۆژانە لەنێودەچوو. چیمان گوت؟ گوتمان ئێمە چارەسەری دەکەین. گوتمان تورکیا لەم کێشە 40 ساڵییە رزگار دەکەین. سوپاس بۆ خودا، وەک هاوپەیمانیی جمهوور چارەسەری دەکەین و چارەسەرمان کرد. بە پشتیوانیی پەرلەمانە شکۆمەندەکەمان، بە نزای خێری گەلە خۆشەویستەکەمان چارەسەری دەکەین. بە قارەمانێتیی شەهیدەکانمان، بە فیداکاریی بریندارانی سەنگەر چارەسەری دەکەین.
وەک 86 ملیۆن کەس بە یەکدەستی، یەکدڵی و یەک ئامانجی چارەسەری دەکەین. بە دامەزراندنی رێککەوتنی تورکیا کە توێژە جیاوازەکان کۆدەکاتەوە، چارەسەری دەکەین. نابێت ئەمە لەبیر بکەین؛ گەورەترین سەرمایەی ئێمە برایەتیمانە. ئەگەر برایەتی بپارێزین، هیچ کەس ناتوانێت بە چاوی خراپ سەیری ئەم وڵاتە بکات.
ئەوەی ئێمەی دروستکردووە، هەزار ساڵە بە پێوەی راگرتووین و لەم جوگرافیایەدا زاڵی کردووین، ئەو برایەتییەیە کە لە موسڵمانێتییەوە هاتووە. ئەگەر لەم خاکەدا دەنگی بانگ بێدەنگ بێت، ئەگەر دەنگی قورئان کز بکرێت، ئەگەر موسڵمانێتی، خوا پەنامان بدات، لاواز بێت، بزانن کە برایەتیشمان لاواز دەبێت.
کاتێک برایەتیمان لاواز بوو، وڵاتەکەشمان لاواز بوو. ئێمە هەر لە سەرەتاوە بەم هەستەوە جووڵاوینەتەوە. برایەتی، ئەم وڵاتە گەورە دەکات. برایەتی، ئەم وڵاتە بەهێز دەکات. ئینشائەڵا برایەتی، سەدەی 21 دەکاتە سەدەی تورکیا. با کەس نیگەران نەبێت.
هەرچییەک دەکەین، بۆ وڵات و گەلەکەمان دەیکەین. هەرچییەک دەکەین، بۆ سەلامەتی، خۆشگوزەرانی و داهاتوویەکی رووناکی نەوەکانی داهاتوو دەیکەین. هەرچییەک دەکەین، بۆ ئەوەیە کە بە چارەسەرکردنی تەواوەتیی ئەم کێشەیە، تورکیایەکی بێ تیرۆر و ناوچەیەکی بێ تیرۆر بۆ رۆڵەکانمان بەجێبهێڵین.
ئێستا هەندێک کەس هەوڵ دەدەن ئاوەکە لێڵ بکەن و بیروهۆش تێکبدەن؛ دەیانەوێت گەل بترسێنن و کێشەکان بە چارەسەرنەکراوی بهێڵنەوە. بۆچی؟ چونکە بێکار دەمێننەوە. کاتێک کەوانەی تیرۆر دادەخرێت، ئەو زۆنگاوەی بۆ قۆستنەوە بەکاری دەهێنن، وشک دەکات. لەبەرئەوە دەترسن. سەیری بکەن، ئێمە تەنیا کێشەی تیرۆر کۆتایی پێناهێنین. پشتیوان بە خودا، لەگەڵ تیرۆردا، ئەو پلانە ئیمپریالیزمەش تێکدەدەین کە نێوخۆی تورکیا تێکدەدات.
کێ بە کۆتاییهاتنی تیرۆر دڵتەنگ دەبێت؟ ئەوانەی حیساباتیان لەسەر تورکیا هەیە، دڵتەنگ دەبن. ئەوانەی سوود لەوە وەردەگرن کە ئەم برینە 40 ساڵی دیکەش خوێنی لێبێت، دڵتەنگ دەبن. ئەوانەی راهاتوون بە درێژایی ساڵان سیاسەت و کۆمەڵگە لەسەر بنەمای تیرۆر دابڕێژن، دڵتەنگ دەبن. با دڵتەنگ بن. لەم وڵاتەدا چیدیکە دایکان ناگرین. گەنجان ناچنە ژێر خاک. منداڵان بێ دایک و باوک و هاوژینان بێ هاوژین نابن. وزەی وڵات بەفیڕۆ ناچێت. تورکیا ئێستا هەڵدەستێتەوە سەرپێ.
بەرەبەیانی سەدەی تورکیا ئا ئێستا هەڵدێت. برایەتیمان سەرلەنوێ مانادارتر دەبێت. هێز دەخاتە سەر هێزمان. مێژوو سەرلەنوێ دەنووسرێتەوە. رێگەکان بکەنەوە، کۆماری گەورەی تورکیا دێت. ئێستا لە هەموو شارێکی تورکیا و جیهانەوە گەشتیار روو لە دیاربەکر و ناوچەی سوور دەکەن.
ئێستا لە چیاکانی تونجەلی (دێرسم)، بۆنی بارووت نایەت، بەڵکو بۆنی گوڵی خۆش و گیا دێت. ئێستا لە چیاکانی جیلۆ هەڵپەڕکێ دەکرێت. ئاوی دیجلە، فورات و مونزوور لەمەودوا روونتر و بەگوڕتر دەڕوات. ئیدی دووبارە باوەش بەیەکدا دەکەینەوە. لە مزگەوتەکانی مێردین لە یەک نوێژدا پێکەوە لە یەک ریزدا دەوەستین. لە ئورفا (رووها) پێکەوە گوێ لە یەک بانگ دەگرین. زمانمان هەرچییەک بێت، پێکەوە گۆرانیی هەستی هاوبەش دەڵێینەوە. وەک 86 ملیۆن کەس، هەموومان پێکەوە بە یەکێتی، یەکپارچەیی و برایەتییەوە بە هەنگاوی هەمیشەیی بەرەو داهاتوو دەڕۆین.


