رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی تورکیا نوێترین گۆڕانکاری لە دابەشبوونی کورسییەکانی خولی 28ـەمینی پەرلەمان بڵاوکردەوە. بەپێی گۆڕانکارییەکان، ژمارەی کورسییەکانی هەریەکە لە (جەهەپە) و (ئیی پارتی) کەمیان کردووە و فراکسیۆنی (رێگەی نوێ) لە مەترسیی هەڵوەشانەوە رزگاری بوو.
دوای ئەوەی مستەفا بیلیجی، پەرلەمانتاری بازنەی ئیزمیر لە فراکسیۆنی (رێگەی نوێ) دەستی لەکار کێشایەوە، ژمارەی ئەندامانی ئەو پارتە بۆ 19 پەرلەمانتار کەمبووەوە، ئەمەش مەترسیی هەڵوەشانەوەی فراکسیۆنەکەی دروستکرد (بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، کەمترین ژمارە بۆ پێکهێنانی فراکسیۆن 20 پەرلەمانتارە). بڕیارە ئەو پەرلەمانتارە بچێتە ریزەکانی فراکسیۆنی ئاکپارتی، بەڵام بە فەرمی هێشتا رانەگەیێندراوە.
لە بەرامبەردا عەلی فازڵ قەساب، پەرلەمانتاری بازنەی کوتاهیا لە فراکسیۆنی جەهەپە دەستی لەکارکێشایەوە و چووە نێو (رێگەی نوێ). بەمەش (رێگەی نوێ) توانی ژمارەی یاسایی فراکسیۆنەکەی بپارێزێت.
هاوکات هەریەکە لە محەممەد مستەفا گوربان، پەرلەمانتاری دیلۆک و عومەر کاراکاش، پەرلەمانتاری بازنەی ئایدن لە فراکسیۆنی ئیی پارتی دەستیان لەکارکێشایەوە. بەمەش ژمارەی کورسییەکانی ئیی پارتی بۆ 27 کورسی دابەزی و کورسییەکانی جەهەپەش بوونە 44 کورسی؛ هاوکات ژمارەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بۆ 13 کەس بەرزبووەوە.
بۆچی ژمارەی پەرلەمانتاران بۆ 592 کەس دابەزی؟
پەرلەمانی تورکیا کە لە 600 کورسی پێکدێت، ئێستا 592 کورسی ماوەتەوە. هۆکاری چۆڵبوونی ئەم هەشت کورسییە بۆ ئەم چوار خاڵە دەگەڕێتەوە:
کۆچی دوایی هەریەک لە حەسەن بیتمەز (پەرلەمانتاری پارتی سەعادەت) و سڕی سورەییا ئۆندەر (پەرلەمانتاری دەم پارتی).
لێسەندنەوەی ئەندامێتیی جان ئاتالای لە پارتی کرێکارانی تورکیا.
دەستبەکاربوونی موراد کوروم وەک وەزیری ژینگە و شارسازی.
سەرکەوتنی چوار پەرلەمانتاری جەهەپە بە ناوەکانی (بورجو کۆکسال، عەبدولڕەحمان توتدەرە، حەسەن باڵتاجی و ئەحمەد ئوناڵ) وەک سەرۆکشارەوانی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا.
دابەشبوونی نوێی کورسییەکانی پەرلەمان بەپێی فراکسیۆن و پارتەکان:
-ئاکپارتی: 227 کورسی
-پارتی نوێ: 91 کورسی
-دەم پارتی: 56 کورسی
-مەهەپە: 46 کورسی
-جەهەپە: 44 کورسی
-ئیی پارتی: 27 کورسی
-رێگەی نوێ: 20 کورسی
-سەربەخۆکان: 13 کورسی
-پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ: چوار کورسی
-هوداپار: چوار کورسی
-پارتی کرێکارانی تورکیا: سێ کورسی
-دەبەپە: دوو کورسی
-پارتی رەنج: دوو کورسی
-پارتی سەعادەت، پارتی چەپی دیموکرات و پارتی دیموکرات: هەریەکەیان یەک کورسی
کۆی گشتی: 592 کورسی
(رێگەی نوێ) لە پارتەکانی سەعادەت، ئاییندە و دەڤا پێکدێت.



