رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە ئەدیرنە، لە کاتی بەشداریکردنی لە ئاهەنگێکی لە دایکبوون بە تۆمەتی گێچەڵی سێکسی هێرشی دەکرێتە سەر، پەرلەمانتارەکەش سکاڵای لەسەر سێ کەس تۆمار کردووە.
ئێوارەی رۆژی 13ـی ئابی 2026، ڤیدیۆی ئەحمەد باران یازگان، پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئەدیرنە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە لەلایەن پیاوێک و دوو ئافرەتەوە لێی دەدرێت.
دوای رووداوەکە پیاوەکە و دوو ئافرەتەکە دەستبەسەر کران، لە گوتەکانیاندا رایانگەیاند، شەڕەکە دوای ئەوە دەستیپێکردووە کە ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە گێچەڵی سێکسی بە ژنێک کردووە و داوای پەیوەندیی لێکردووە.
لەسەر ئەوەش لەلایەن هاوژینی ژنەکە و ئافرەتێکی دیکە پەلاماریان داوە و بە ڤیدیۆش ساتە لێدان و سووکایەتیپێکردنەکەیان تۆمار کردووە.
لە بەرامبەردا یازگان سکاڵای تۆمارکردووە و رایگەیاندووە کە لێی دراوە، هەروەها دیمەنەکانی کاتی رووداوەکە کەوتوونەتە ناو دۆسیەی لێکۆڵینەوەوە.
بەهۆی هەبوونی مافی پارێزبەندیی پەرلەمانتاری، دادگا ناتوانێت دەستبەجێ رێکاری راستەوخۆ لە بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارە بگرێتەبەر.
داواکاری گشتیی ئەدیرنە بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لە رووداوی لێدانەکە و هاوکات ئەو دۆسیەیە رەوانەی ئەنقەرە دەکات تاوەکو رێکارەکان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە دەستپێبکات.
لە سیستمی یاسایی تورکیادا، ئەندامانی پەرلەمان خاوەنی مافی پارێزبەندین و لە کاتی تۆمەتبارکردنیان بە تاوان، داواکاری گشتی دۆسیەی تایبەت ئامادە دەکات و لە رێگەی وەزارەتی دادەوە رەوانەی پەرلەمانی دەکات.
پەرلەمان دوای لێکۆڵینەوە بڕیار لەسەر لادانی مافی پارێزبەندیی پەرلەمانتارەکە دەدات تاوەکو پرۆسەی دادگاییکردنی بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە بچێت.



