شاندی ئیمراڵیی پارتی گەلانی یەکسان و دیموکراسی (دەم پارتی) دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایانگەیاند، "لە دیدارەکەدا، ئیرادەی هاوبەش بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەکە بە پشوودرێژییەوە، جارێکی دیکە دووپاتکرایەوە." ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، کە هەریەک لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت و ئەفکان ئاڵا، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی ئامادەی بوون، راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، دیدارێکی کاژێر و نیویی بەرهەمدار و راوێژمان لەبارەی پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەریی کرد. شاندەکە نووسیویەتی: "لە دیدارەکەدا جەخت لە خۆشحاڵیی دوولایەنە کرا لە پەسندکردنی (یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) کە بە 467 دەنگ لە پەرلەمان، هەروەها گرنگیی قۆناخی ئێستای پرۆسەکە و هەنگاوەکانی داهاتوو هەڵسەنگێندران." جەخت لەوە کرایەوە، کردنەوەی دەرگای قۆناخێک کە تێیدا دیموکراسی و بواری سیاسەت بەهێز دەبن، بۆ هەموو هاووڵاتییان و وڵاتەکەمان گرنگییەکی ژیانی هەیە. هاوکات ئیرادەی هاوبەش بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەکە بە پشوودرێژییەوە، جارێکی دیکە دووپاتکرایەوە. لە کۆتایی پەیامەکەدا، شاندی ئیمراڵی دەڵێ: "لەمەودواش کارەکانمان بۆ پێشخستنی پرۆسەکە لە رێگەی ئاشتی و دیموکراسی لە بەرژەوەندیی هەموو تاکێکی وڵاتەکەمان بەردەوام دەبێت. سوپاسی هەموو ئەو پارتە سیاسی و توێژە کۆمەڵایەتییانە دەکەین تاوەکو ئەمڕۆ بە پشتیوانی، پێشنیاز، هۆشداری و رەخنەکانیان هێزیان پێبەخشین." رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، دوای گفتوگۆیەکی چڕ کە نزیکەی 12 کاژێری خایاند، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای "بههێزكردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یهكگرتوویی كۆمهڵایهتی" خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون. پەسندکردنی ئەم یاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری دێت، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران. پرۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکهاتووە و لەژێر ناوی "پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" پێشکێش کرابوو.