رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، گەیاندنی ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆر" چارەنووسسازە و بە سەرخستنیشی سروودی برایەتیی دەڵێینەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە رێوڕەسمی دەرچووانی ئەکادیمیای هێزەکانی جەندرمە و هێزەکانی پاراستنی کەناراوەکان گوتارێکی پێشکێش کرد و لەبارەی پەسندکردنی یاسای پاڵپشتیی نیشتمانیی کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، "وەک تورکیا، لە کاتێکدا سیستمی نێودەوڵەتی تووشی شڵەژان بووە، ئێمە خۆمان بەهێز دەکەین و بە هەنگاوی دڵنیاوە بەرەو ئامانجەکانمان دەڕۆین."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، "هێزی سەربازیمان بە هەنگاوی دیپلۆماسیی فرەڕەهەند و هاوبەشیی ستراتیژیی بەهێزتر دەکەین. پیشەسازیی بەرگریمان، کە جیهان بە سەرسامییەوە لێی دەڕوانێت، بە ئەندازیار و سەرچاوەی مرۆیی خۆمان پەرەی پێدەدەین. تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەرگری لە مافی ستەملێکراوان دەکات، بێ دوودڵی راستییەکان دەڵێت و لە لایەنی دروستی مێژوودا وەستاوە."
ئەردۆغان، باسی لەو پێشنیازەیاسایە کرد کە سێ رۆژ لەمەوبەر لە پەرلەمانی تورکیا بە 467 دەنگ پەسندکرا و گوتی، "ئەو پێشنیازەیاسایە وەک هەنگاوێکی مێژوویی دەبینین. سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە لە ئامادەکردن تاوەکو پەسندکردنی بەشدارییان کرد، بەتایبەتی بەڕێزان باخچەلی و کورتوڵموش."
هەروەها گوتیشی: "لە تورکیایەکدا کە سێبەری تیرۆری لەسەر نەمێنێت، لە سەدەی ئارامیدا، ئینشائەڵڵا سروودی نوێی برایەتی دەڵێینەوە. گەیاندنی ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆر چارەنووسسازە. ئەو پرسەی کە بووەتە هۆی لەدەستدانی هەزاران گیانی ئێمە و 40 ساڵی وڵاتەکەمان، بە یەکڕیزیی دەوڵەت و گەل، ئینشائەڵڵا بۆ هەمیشە چارەسەری دەکەین."
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، دوای گفتوگۆیەکی چڕ کە نزیکەی 12 کاژێری خایاند، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای "بههێزكردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یهكگرتوویی كۆمهڵایهتی" خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم یاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری دێت، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پرۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکهاتووە و لەژێر ناوی "پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" پێشکەشکرابوو.


