رووداو دیجیتاڵ
نوعمان كورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، لە هۆڵی پەرلەمان بووە میوانی مێزی سەرنووسەرانی ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا و وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەست بە رۆژەڤی وڵاتەکەی دایەوە. یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی بەرنامەکە پرۆسەی چارەسەری بوو کە رۆژی 10ـی ئابی 2026 پرۆژەیاساکەی لە پەرلەمانی تورکیا پەسند کرا.
کورتوڵموش گوتی: "لە رێگەی تورکیای بێ تیرۆرەوە یەکێک لە گرنگترین پرۆسەکانی مێژوو بەڕێوەدەچێت، لە نیوەی یەکەمی سەدەی یەکەمی کۆماردا، بەهۆی تیرۆرەوە کۆت و زنجیر خرایە قاچی وڵاتەکەمان، قوربانی درا، ژمارەیەکی زۆر خەڵک گیانیان لەدەستدا و دەرفەتە مادییەکانیش بەهەدەر دران."
"هەوڵی دروستکردنی دوژمنایەتی لە نێوان کورد و تورک درا"
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەروەها رایگەیاند، هەوڵدراوە دوژمنایەتی لە نێوان تورک و کورد دروست بکرێت، هەروەها هەوڵی دابەشکردن و پارچەکردنی تورکیا دراوە.
لەبارەی هەنگاوەکانی پرۆسەی چارەسەری کە هیچ کاتێک هێندەی ئەمجارە بەرەوپێش نەچووە، نوعمان کورتوڵموش گوتی: "ئەو شوێنەی کە جیهان لە ماوەی هەشت بۆ نۆ ساڵ یان زیاتر پێی دەگات، تورکیا لە ماوەی ساڵێکدا پێی گەیشتووە. کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە لە چوارچێوەی تورکیای بێ تیرۆردا لە پەرلەمانی تورکیا دامەزرا، رۆژی 5ـی ئابی 2025 یەکەمین کۆبوونەوەی سازکرد. تەواوی پارتەکان لە کۆمیسیۆنەکەدا نوێنەرایەتییان هەبووە و لە 21 کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکەدا گوێ لە نوێنەرانی چین و توێژە جیاوازەکان گیراوە."
"467 دەنگ ژمارەیەکی دەگمەنە کە پێی گەیشتین"
نوعمان کورتوڵموش بەبیری هێنایەوە کە راپۆرتی کۆمیسیۆنەکە بە رێککەوتنی پارتەکان رۆژی 18ـی شوبات ئامادەکرا و رایگەیاند، راپۆرتەکە یەکێکە لە بەڵگەنامە گرنگەکان و گوتی: "لە کاتی کارکردن لەسەر یاساکە سەرنجمان دا؛ راپۆرتێکمان لەبەردەستدایە کە بە کۆدەنگی پەسند کراوە. راپۆرتێک کە 47 کەس لە کۆی 51 ئەندامەکە دەنگیان پێداوە و دەنگی هەموو پارتەکانی لەگەڵە. گوتمان ئەو یاسایەی ئامادە دەکرێت، لە بەشی شەشەمی ئەو راپۆرتەدا چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پرۆسەیە دیاری دەکات کە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە/کەجەکە و چەکدانانیاندا دێتە ئاراوە. ئەو یاسایەش کە بە دەنگی 467 پەرلەمانتار لە پەرلەمان پەسند کرا. هەروەها 467 دەنگ کە زۆر لە سەرووی چاوەڕوانییەکانی ئێمەوە بوو، ژمارەیەکی دەگمەنە کە پێی گەیشتین. ئەمە زۆر گرنگە. پێم وایە دەبێت وەک رەنگدانەوەی پشتگیریی گەل لە سیاسەت بخوێندرێتەوە."
"ئێستا فێستیڤاڵ لە چیای گابار و جوودی دەکرێت"
کورتوڵموش هەروەها گوتی: "هەموو توێژەکانی تورکیا لە دەستی تیرۆر بێزار بوون. لە چیای گابار و جوودی کە پێشتر کەس نەیدەتوانی بۆیان بچێت، ئێستا فێستیڤاڵ ساز دەکرێت و ماوەی دوو ساڵیشە لووتی هیچ کەسێک بە خوێن نەهاتووە. دەرفەتی وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا باشترە و ناوچەکە بە گشتی گەیشتووەتە ژینگەیەکی ئارام. تەواوی کۆمەڵگە کەشوهەوای ئاشتی و ئارامیی قبووڵ کردووە. ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو دۆخەیە لەسەر سیاسەت."
"بابەتی ئەم یاسایە ئاشتیی دەوڵەت لەگەڵ گرووپێکدا نییە"
بەشێک لە پارت و کەسایەتییەکان رەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرن و دەڵێن، رێککەوتن لەگەڵ پەکەکە بێڕێزییە بە "شەهیدان" و کەسوکاریان. کورتوڵموش لە وەڵامی ئەمەدا گوتی: "جەخت لە گرنگیی کارکردن بە شێوازێک دەکەینەوە کە هەرگیز هەستی کەسوکاری شەهیدان، بریندارانی جەنگ و ئەو خەڵکەی پشتگیریی ئەم خەباتەیان کردووە بریندار نەکات. لە سەرەتاوە لە کارەکانی کۆمیسیۆن و یاساکەشدا ئەم بابەتەیان رەچاو کردووە. پێش 'یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی'، یاسایەکی دیکە لە پەرلەمانی تورکیا پەسند کرا کە رێساکانی تایبەت بە مافی بنەماڵەی شەهیدان و بریندارانی جەنگی لەخۆ گرتبوو.
لەسەر ئەم یاسایەش سازانێکی تەواو هەبوو. هەموو فراکسیۆنەکانی پارتە سیاسییەکان لە گوتارەکانیاندا پشتگیرییان لە یاساکە کردووە."
"پرۆسەکە وەک وانە لە زانکۆکاندا دەخوێندرێت"
کورتوڵموش جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە تورکیا ببێتە ناوەندی یەکگرتن و کۆبوونەوە نەک پارچەبوونی زیاتر و گوتی: "با هەموومان پێکەوە لەم کێشەی تیرۆرە رزگارمان بێت کە بووەتە بەڵا بۆ سەر دەوڵەتی کۆماری تورکیا و گەلە ئازیزەکەمان. ئەمەش وەک نموونەیەک لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە قبووڵ دەکرێت. ئەو مۆدێلە تورکییەی کە ئێمە پێشکێشمان کردووە، کاتێک پرۆسەی دابینکردنی ئاشتی و ئارامی بە ویستی خودا تەواو بوو، دەبێتە نموونە بۆ هەموو جیهان و لە تەواوی زانکۆکانی زانستە سیاسییەکان و کۆلێژەکانی یاسای جیهاندا وەک وانە دەخوێندرێت."
"رێگەیەکی نوێیە کە دێتە بەردەممان"
کورتوڵموش جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی ساڵانێکی زۆرە خەبات دژی پەکەکە دەکرێت، بەڵام هیچ دوژمنایەتییەک لە نێوان خەڵکانی خاوەن جیاوازیی نەتەوەییدا نییە.
"پێویستە وریا بین لەوەی کەسانێک پرۆسەکەیان ناوێت"
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژە بە رەخسانی دەرفەتی گەورە دەکات و دەڵێت: "ئەم یاسایە بەو مانایە نییە کە هەموو شتێک کۆتایی دێت. من وای دەبینم کە راپۆرتەکە دەرگەکەی هەندێک لاداوە و ئەم یاسایەش کە بە دەنگێکی زۆر پەسند کراوە، بە تەواوی واڵای کردووە. ئەمە رێگەیەکی نوێیە کە دێتە بەردەممان. ئەم رێگەیە بەڕاستی رێگەی یەکێتی، پێکەوەژیان و برایەتییە لە تورکیا. ئەم رێگەیە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ دروستکردنی کەشێکی وەها کە برایەتیی هەموو گەلانی ناوچەکەی تێدا مسۆگەر بکرێت. لێرەدا دەبێت وریا بین، چونکە وەک چۆن کەسانێک هەن دەیانەوێت بەم شێوەیە بێت، دەشزانین کەسانێکی زۆریش هەن کە نایانەوێت وەک خۆی بێت."
"یاساکە سەرکردە باڵاکانی رێکخراوەکە ناگرێتەوە" کورتوڵموش ئاماژە بەوە کرد، سزای ئەو کەسانەی بە تۆمەتی ئەو تاوانانەی دەکەونە چوارچێوەی هەموارەکە، سزا دراون، ئەگەر کۆی گشتیی سزاکەیان 15 ساڵ یان کەمتر بێت، جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ دوادەخرێت، بەڵام ئەوانەی سزای بەندکردنیان لە 15 ساڵ زیاترە یان سزای بەندکردنی تاهەتایی یان تاهەتایی قورسیان بەسەردا سەپێندراوە، جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ ماوەی دە ساڵ بە بڕیاری دادوەری جێبەجێکردنی سزا دوادەخرێت و گوتی: "یەکێک لە خاڵە هەستیارەکان لێرەدا ئەوەیە کە لە ماددەی یەکەمدا بە روونی ئاماژە بەوە کراوە کە یاساکە سەرکردە باڵاکانی رێکخراوەکە ناگرێتەوە."
"گرنگە چیدی گەنجی کورد نەڵێت پێویستە بڕۆمە شاخ"
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەروەها رایگەیاند، ئەگەر لەو پرۆسەیەدا بە ویستی خودا کارەکان وەک ئەوەی چاوەڕێ دەکرێت بەردەوام بن و بەڕاستی رێکخراوەکە بە تەواوی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و لە چەک داماڵرێت، ئاسانترین شت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چەکە. ئێمە لە سەرەتاوە ئەمە دەڵێین. دەتوانیت رێکخراوێک هەڵبوەشێنیتەوە و 50 رێکخراوی دیکە دابمەزرێنیت. دەتوانیت چەکێک بدەیت و 50 هەزار چەکی دیکە دابین بکەیت، یان ئیمپریالیستەکان ئەم چەکانەت پێبدەن تاوەکو لەبری ئەوان بجەنگیت. ئەوەی گرنگە، مسۆگەرکردنی پێگەیشتوویی فیکری، سیاسی و هاوبەشییەکی وایە کە چیدی هیچ گەنجێکی کورد لەم وڵاتەدا نەڵێت 'پێویستە بچم بۆ شاخ'. گرنگتر لە چەکدانان، چەکدانانی بیرکردنەوەی وەهایە و زیندووکردنەوەی برایەتیی نێوان دڵەکانە."
"عەرەب، کورد و تورکمانیش هی ئێمەن"
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەروەها رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەش، کاتێک لەمەدا سەرکەوتوو دەبن، وەک وڵاتێک تەنیا لەم ناوچەیەدا قەتیس نابین و گوتی: "عەرەبی سووریاش هی ئێمەیە، کوردی سووریا، تورکمانیش، عەلەوی و نوسەیرییش هی ئێمەن. مەبەستم لەوەی کە دەڵێم هی ئێمەن، ئەوەیە کە ئێمە بەشێکین لە ئەوان و بەشێکین لەو شوێنە. ئەگەر بە هەستێکی ئاوا سەر بەم خاکە، ئەم وڵاتە و ئەم ناوچەیە بین و بتوانین بەهێزبوونی ژینگەیەکی فیکریی ئاوا مسۆگەر بکەین، ئەمە گەورەترین هاوکاریی ئێمە دەبێت بۆ پرۆسەکە."
"بە هەستیارییەکی تایبەتەوە مامەڵە کراوە"
کورتوڵموش لە وەڵامی پرسیاری "سەرەڕای دروستبوونی سازانێکی گەورە، بەڵام هێشتا لایەنی دوودڵیش هەن. دوایین پەیامتان بۆ گەلەکەمان چی دەبێت؟" رایگەیاند، یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بە رەچاوکردنی هەستیاریی ئەو کەسانە ئامادەکراوە کە خۆیان بە "نیشتمانپەروەری لە رادەبەدەر" دەزانن.
کورتوڵموش راشیگەیاند، لەم یاسایەدا تەنانەت یەک وشەش نییە کە یەکێتیی نیشتمانی، پێکهاتەی یەکپارچەیی دەوڵەت، ئاشتی و برایەتی لە تورکیادا بخاتە مەترسییەوە، و گوتی: "بە هەستیارییەکی تایبەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە. کەواتە با گەلەکەمان دڵنیا بێت. یاسایەک کە بەم هەموو وردەکارییەوە ئامادەکرابێت و بەم هاوپەیمانییە گەورەیە پەسند کرابێت، هەرگیز بچووکترین زیان بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان ناگەیەنێت. بە پێچەوانەوە، ئەگەر بەرژەوەندیی نیشتمانی، یەکگرتن، یەکێتی، ئاشتی، ئارامی و برایەتی بێت، ئەمە یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکان بۆ دابینکردنی ئەوانە. لە گەلەکەمان پیرۆز بێت."
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، دوای گفتوگۆیەکی چڕ کە نزیکەی 12 کاژێری خایاند، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای "بههێزكردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یهكگرتوویی كۆمهڵایهتی" خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم یاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری دێت، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پرۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکهاتووە و لەژێر ناوی "پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" پێشکەشکرابوو.



