رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری ئێف 16ـی تورکیا رۆژی چوارشەممە لە کاتی مەشقێکی سەربازیدا کەوتە خوارەوە، بەڵام فڕۆکەوانەکە توانی بە سەلامەتی خۆی فڕێ بداتە خوارەوە و رزگاری بێت.
رووداوەکە رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، لە سنووری فەرماندەیی مەیدانی ئاسمانیی یالۆڤا روویداوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، فڕۆکە جەنگییەکەی سوپای تورکیا لە کاتی گەشتێکی مەشق و راهێناندا بووە و بەهۆی کێشەیەکی نادیارەوە تێکشکاوە. فڕۆکەوانەکە بە بەکارهێنانی سیستەمی "خۆهەڵدان" توانیویەتی لەنێو فڕۆکەکە بێتە دەرەوە و لە مردن رزگاری بێت.
ئەحمەد حەمدی ئوستا، پارێزگاری یالۆڤا بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخەکە، سەردانی شوێنی رووداوەکەی کردووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی رووداوەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "فڕۆکەیەکی جۆری F-16مان لە یالۆڤا لە کاتی گەشتێکی مەشق و راهێناندا تووشی رووداو بووە. فڕۆکەوانەکەمان بە خۆهەڵدان لە فڕۆکەکە رزگاری بووە."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە بارەی هۆکاری رووداوەکە دەستپێدەکەن.
یالۆڤا دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئیستەنبووڵ و لەسەر کەناراوەکانی دەریای مەڕمەڕەیە.
گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری نیشانی دەدەن فڕۆکەکە لە نزماییەکی کەمەوە بە ئاسماندا دەڕوات و دواتر لە پشت چەند دارێکەوە ون دەبێت و دووکەڵێکی رەش لە شوێنی کەوتنەخوارەوەکەی بەرز دەبێتەوە.
شەش مانگ لەمەوبەر فڕۆکەیەکی دیکەی ئێف 16ـی تورکیا لە نزیک سنووری بولگاریا کەوتە خوارەوە و تێیدا فڕۆکەوانەکە گیانی لەدەستدا. هەروەها لە تشرینی دووەمی رابردووشدا، تورکیا گەشتەکانی فڕۆکەی بارهەڵگری جۆری سی 130ـی راگرت، ئەوەش دوای ئەوەی یەکێکیان لە جۆرجیا کەوتە خوارەوە و 20 کەسی تێدا گیانیان لەدەستدا.


