رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری کە بە یاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) دەناسرێت، دوای پەسندکردنی لە پەرلەمانی تورکیا، رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کرا بۆ واژۆ کردنی کۆتایی.
رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، یاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کرا و چاوەڕێ دەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوودا لەلایەن رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە واژۆ بکرێت.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پڕۆژەیاساکە لە 10ـی ئابی 2026 لە دانیشتنی پەرلەماندا بە دەنگی 467 پەرلەمانتار پەسندکرا.
دوای پەسندکردنی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، بڕیارە یاساکە لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوبکرێتەوە و بەرکار دەبێت.
ئەم یاسایە کە لە 12 مادە پێکهاتووە، رێکاری یاسایی و سیاسیی بۆ پرۆسەی چارەسەری دیاری دەکات و چارەنووسی گەریلاکانی پەکەکە دوای چەکدانان و چۆنیەتیی گەڕانەوەیان بۆ باکووری کوردستان و تورکیا لە چوارچێوەیەکی یاسایی دیاری دەکات.



