رووداو دیجیتاڵ
دوای پەسندکردنی پرۆژیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان، وەزیری ناوخۆی تورکیا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ پارێزگار، بەڕێوەبەرانی پۆلیس و فەرماندەکانی جەندرمەی 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کرد بۆ دیاریکردنی نەخشەرێگەی جێبەجێکردنی یاساکە.
بڕیارە ئەم کۆبوونەوەیە لە رۆژی چوارشەممە، 12ی ئابی 2026، کاژێر 15:00 لە وەزارەتی ناوخۆ بە ئامادەبوونی نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەبچێت.
کۆبوونەوەکە وەک هەنگاوی کردەیی بۆ دەستپێکردنی قۆناخی نوێی پرۆسەکە ئەنجام دەدرێت.
مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بۆ ئەوەی پرۆسەکە پەکینەکەوێت، پێویستە هەموو لایەک ئەرکی خۆی بە تەواوی جێبەجێ بکات.
ئەم کۆبوونەوەیە وەکو هەنگاوێکی گرنگی کردەیییە بۆ رەخساندنی هاوئاهەنگیی راستەوخۆ لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ دروستکردنی نەخشەرێگەیەکی مەیدانی، پاراستنی ئاسایشی گشتی، ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی چەکدانان و خۆڕادەستکردنەوەی گەریلاکانی پەکەکە.
بەپێی بەرنامەی کۆبوونەوەکە، پارێزگارەکان وەک رێکخەری سەرەکی لە پارێزگاکانیاندا دەستنیشان دەکرێن، لە کاتێکدا پۆلیس لە شارەکان و جەندرمە لە ناوچەکانی دەرەوەی شارەکان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بەبێ سازش ئەرکی پاراستنی ئارامی و رێگری لە هەر تێکدانێک یان هەنگاوێک دەگرنە ئەستۆ؛ تاوەکو هەوڵی تێکدانی پرۆسەکە سەرنەگرێت.
پرۆسەی چارەسەری کە لە تورکیا بە پرۆسەی (تورکیای بێ تیرۆر) ناسراوە، دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەکە لە پەرلەمانی تورکیا چووە قۆناخێکی نوێی یاساییەوە کە بە هاوکاری و رێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنە سەرەکییەکان ئەنجامدرابوو.
ئامانجی ئەم هەنگاوە نوێیەی وەزارەتی ناوخۆ داڕشتنی میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پەرلەمانە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکان و پارێزگارەکانەوە تاوەکو زەوینەی گونجاو بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداری، خۆگونجاندنەوەی کۆمەڵایەتی وغەرناەوەی گەریلاکانی پەکەکە بڕەخسێت.




