رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ناوچەکە پێویستی بە هاوپەیمانییەکی بەرگریی هەبوو و گوتی: "سعوودیە، پاکستان و تورکیا وڵاتی فراوانخواز نین و رێککەوتنەکە دژی هیچ وڵاتێک نییە." لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە (پرۆژە یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) ئەوەشی خستەڕوو کە "تاوەکو پەکەکە واز لە چەک و تواناکانی نەهێنێت، ناتوانێت لە بڕگەکانی ئەم یاسایە سوودمەند بێت."
رۆژی شەممە، 8ـی ئابی 2026، هاکان فیدان بەشداریکرد لە "مێزی سەرنووسەران"ـی ئاژانسی هەواڵی فەرمی، وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە و رۆژەڤی جیهان دایەوە. فیدان لە هەڵسەنگاندنەکانیدا، روونکردنەوەی لەبارەی پرۆسەی ئامادەکاری، ئامانج و شێوازی کارکردنی رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە خستەڕوو. هەروەها بە کورتی باسی لە دوایین پێشهاتەکانی قۆناخی یاسایی پرۆسەی چارەسەریی کرد.
سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد هەیە، هاکان فیدان گوتی: "ئەم پڕۆژەیاسایە بڕگەی زۆر باش نووسراو و گەرەنتیکراوی تێدایە. لەو رووەوە، زمان و میکانیزمێکی جوانی هەیە. رێکخراو (پەکەکە) تاوەکو واز لە چەک و تواناکانی نەهێنێت، ناتوانێت لە بڕگەکانی ئەم یاسایە سوودمەند بێت."
هاکان فیدان، باسی لەوە کرد کە ناسەقامگیریی درێژخایەنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، میکانیزمێکی ئەمنیی هەرێمیی کردووەتە پێویستی و رایگەیاند، رێککەوتنەکە دوای پەیوەندییە دیپلۆماسییە درێژخایەنەکان هاتووەتە ئاراوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "بێ سیستەمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بابەتێک بوو کە ماوەیەکی درێژ بوو چاودێریمان دەکرد و بیرمان لێدەکردەوە. پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ نزیکەی هەموو وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە. پێمانوابوو بەردەوامکردنی ئەمە سوودی زیاتری دەبێت. ناوچەکە پێویستی بە هاوپەیمانییەکی بەرگریی هەبوو. ئیرادەیەک هەیە بۆ نەهێشتن یان لانیکەم راگرتنی ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکە و برەودان بە خۆشگوزەرانیی خەڵکی ناوچەکە. هێشتا لە سەرەتاداین. ماوەی 2 ساڵ و 8 مانگە بەبێ پچڕان لەگەڵ هاوبەشەکانمان کە واژۆمان کردووە، قسە دەکەم. گواستنەوەی ئەمە لە ئاستی بیرۆکەوە بۆ خاڵی رێککەوتن، ئەوەندەی خایاند."
سەبارەت بەو هەڵسەنگاندنانەی کە رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە بە مادەی 5ـی ناتۆ بەراورد دەکەن، فیدان ئاماژەی بە لێکچوونە پێکهاتەییەکان کرد. گوتی: "لە رووی تەکنیکییەوە هەمان مادەی 5ـی ناتۆیە. ئێمە لیژنەیەکی وەزیرانمان دەبێت، هەروەک لە ناتۆدا هەیە. لیژنەی سیاسی و سەربازی ئەو لیژنەیەیە کە دیدگای سەرکردەکان دەکاتە بڕیار. سکرتارییەتی گشتیش چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیارە وەرگیراوەکان دەکات."
فیدان، جەختی لەوە کردەوە رێککەوتنەکە دژی هیچ وڵاتێک نییە و گوتی، سیاسەتی دەرەوەی سعوودیە، پاکستان و تورکیا فراوانخوازانە نییە. هەروەها گوتی: "کاتێک ئێمە لەگەڵ ئەم وڵاتانە کۆدەبینەوە، بە سرووشتی خۆی دەبینە رێکخراوێکی بەرگری. تاوەکو هێرش نەکرێتە سەر ئەم هاوپەیمانییە، چ لە ناوخۆی ناوچەکەوە بێت یان لە دەرەوە، هیچ کاردانەوەیەکی نابێت. جەختی لەسەر دەکەمەوە، ئێران ئامانجی ئەم هاوپەیمانییە نییە. هیچ وڵاتێک کە هێرشمان نەکاتە سەر، ئامانجمان نییە."


