رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا دەستی بە گفتوگۆکردن لەبارەی (پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) کرد، کە بە واژۆی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی، مەهەپە، دەم پارتی و جەهەپە پێشکێشکراوە.
جونەیت یوکسەل، سەرۆکی لیژنەکە و پەرلەمانتاری ئاکپارتی، لە گوتارێکدا رایگەیاند، پڕۆژەکە "یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین پڕۆژەیاساکانی مێژووی یاسادانان" و گوتی: "ویستێکی کۆنکرێتی بۆ ساڕێژکردنی برینێک هەیە کە زیاتر لە 40 ساڵە خوێنی لێدەچۆڕێت."
یوکسەل گوتی، پڕۆژەکە لێبووردنی گشتی نییە، بەڵکو میکانیزمێکی یاسایی کاتی و مەرجدارە و تەنیا رێکخراوی پەکەکە/کەجەکە دەگرێتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، مەرجی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەوەیە کە دامەزراوە ئەمنییەکان پشتڕاستیبکەنەوە کە رێکخراوەکە کۆتایی بە خۆی هێناوە و هەموو چەکەکانی رادەستکردووە، دواتر بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوبکرێتەوە.
عەبدولحەمید گوڵ: پڕۆژەکە بەرهەمی بیرکردنەوەی هاوبەشە
عەبدولحەمید گوڵ، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی و یەکێک لە واژۆکارانی پڕۆژەکە رایگەیاند: "پڕۆژەکەمان تەنیا پڕۆژەی گرووپێک یان هاوپەیمانیی جمهوور نییە، بەڵکو راستەوخۆ پڕۆژەی گەلەکەمانە. ئەم پڕۆژەیە بەرهەمی بیرکردنەوەی هاوبەشە کە عەقڵی دەوڵەت و ویژدانی گەلی کۆکردووەتەوە."
گوڵ ئاماژەی بەوەشکرد، سیاسەتی رەتکردنەوە و نکۆڵیکردن بەرامبەر "برا کوردەکان" رەتکراوەتەوە و گوتی: "کەناڵی TRT Kurdî لە سەردەمی دەسەڵاتی ئێمەدا دەستی بە پەخشکرد. رێگرییە یاساییەکانمان لەسەر زمانی کوردی هەڵگرت کە پێشتر بە زمانی نەناسراو ناودەبرا. قەدەخەی ناوی کوردیمان لابرد و ناوی پێشووی ناوچەکانمان گەڕاندەوە."
هاوکات فەتی یڵدز، بریکاری سەرۆکی مەهەپە لە گوتارێکدا رایگەیاند: "ئێمە لە لێواری لابردنی بەڵای 50 ساڵەی تیرۆرین. بەمە دڵخۆشبن."
یڵدز گوتی: "کۆماری تورکیا دەوڵەتی هەموومانە. ئێمە پشتیوانیی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەکەین."
دەم پارتی: با ببینە خاوەن ئاشتییەکی هەمیشەیی
گوڵستان کڵچ کۆچیگیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لەو بارەیەوە دەڵێت: "وەک دەم پارتی، بۆ یەکەمجارە لە پەرلەمان وەک واژۆکار و خاوەنی پڕۆژەیەک قسەدەکەین. ئەو واژۆیانەی کردوومانن، تەنیا بەکارهێنانی مەرەکەبی قەڵەمێک نییە بۆسەر کاخەز، بەڵکو سەرەتایەکی گرنگە کە مۆری لە داهاتووی هاوبەشمان داوە."
کۆچیگیت داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پێکەوە کاربکەن و گوتی: "وەرن با وەک گەلان چارەنووسی وڵات و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاریبکەین. با پێکەوە دەرگای خەباتێکی نوێی دیموکراسی بکەینەوە کە سیستم ناچار بە گۆڕانکاریی دیموکراسی دەکات. با ئاشتی بکەینە هەمیشەیی."
لە لایەکی دیکەوە ئینان ئاکگون ئالپ، پەرلەمانتاری جەهەپە، پشتیوانیی حیزبەکەی بۆ پڕۆژەکە راگەیاند و گوتی: "هەڵوێستی بنەڕەتیی ئێمە وەک پارت، پشتیوانیکردنە لە دەستپێکردنی پرۆسەیەکی یاسایی لە چوارچێوەی راپۆرتی لیژنەی پەرلەمان بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادان و چەک."
گفتوگۆکان لەسەر پڕۆژەیاساکە لە لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا بەردەوامن.
پڕۆژەیاساکە لە 12 مادە پێکدێت و بەم شێوەیە کاردەکات:
دەبێت دامەزراوە ئەمنییەکان پشتڕاستیبکەنەوە کە پەکەکە/کەجەکە کۆتایی بە خۆی هێناوە و هەموو چەک و تەقەمەنییەکانی رادەستکردووە.
دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەم بڕیارە پەسندبکات و لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوبکرێتەوە.
پاش بڵاوبوونەوەی بڕیارەکە، ئەو لێکۆڵینەوە و سزایانەی بەهۆی ئەندامبوون یان چالاکی لە بەرژەوەندیی ئەو رێکخراوە (پەکەکە/کەجەکە) دراون، بۆ 5 تاوەکو 10 ساڵ رادەگیرێن یان دوادەخرێن.
کێ ناگرێتەوە؟
سەرۆکی لیژنەی داد دەڵێت، ئەم ئاسانکارییە یاساییە تەنیا بۆ پەکەکە و کەجەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیانە، بەڵام دوو گرووپ سوودمەند نابن:
سەرکردە و بەڕێوەبەرانی رێکخراوەکە (پەکەکە/کەجەکە).
ئەو کەسانەی تاوانی "کوشتنی بە ئەنقەست"یان ئەنجامداوە.
چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، پڕۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی) کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، بە واژۆی 360 پەرلەمانتار پێشکێشی پەرلەمان کرا.
پرۆژەیاساکە لە 12 مادە پێکهاتووە، هەنگاوەکانی داهاتووی چەکدانان و گەڕانەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ تورکیای تێدایە.
پرۆسەی چارەسەری بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکانی نێوان پەکەکە و تورکیا، لە کانوونی یەکەمی 2024 بە تەوقەکردنی دەوڵەت باخچەلی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا دەستیپێکرد.



