رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی رایدەگەیێنێت، تورکیا بڕیاری کۆتاییداوە بۆ بنبڕکردنی تیرۆر و بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەیاسایەکی نوێ بە پشتگیریی 360 پەرلەمانتار پێشکێشی پەرلەمانکراوە. دەشڵێت، "ئەمە لە بەرژەوەندیی 86 ملیۆن هاووڵاتیی تورکیادایە."
ئەفکان ئالا، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی، لە هەڵسەنگاندنێکدا بۆ "پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پێکەوەژیانی نیشتمانی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی" کە تایبەتە بە پڕۆسەی چارەسەری، ئاماژەی بەوەکرد کە پڕۆژەکە پشتگیرییەکی سیاسیی "بێوێنەی" لەپشتە.
بەگوتەی ئەفکان ئالا، جیا لە هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە)، پەرلەمانتارانی هەریەکە لە (دەم پارتی، جەهەپە، هوداپار) و پەرلەمانتارانی سەربەخۆش واژۆیان لەسەر پڕۆژەیاساکە کردووە، کە ژمارەیان گەیشتووەتە نزیکەی 360 پەرلەمانتار.
یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی جەختی لەوەکردەوە کە ئامانجی سەرەکی، راماڵینی تیرۆر و دانانی رێکارە بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەکداری و رادەستکردنی چەکەکان و گوتی، "تورکیایەکی بێتیرۆر، ئامانجێکە کە ئارامی و ئاسایش بۆ تەواوی هاووڵاتییان دابیندەکات. دەبێت تورکیا لەم کۆت و زنجیرانە رزگاریبێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئالا جیاکاریی لەنێوان پرسی کورد و تیرۆرکرد و رایگەیاند، "ئێمە هەمیشە هاووڵاتیی خۆمانمان لە تیرۆر جیاکردووەتەوە، رێکخراوی تیرۆریستی جیاوازە و هاووڵاتییانی کوردمان جیاوازن. حکومەتەکانی ئاکپارتی هەمیشە گۆڕانکاریی گەورەیان لە ماف و ئازادییەکاندا کردووە."
پێشکێشکردنی ئەم پڕۆژەیاسایە بە پێشهاتێکی مێژوویی لەقەڵەمدەدرێت کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە ململانێ چەکدارییەکان و رەخساندنی زەوینەی یاساییە بۆ قۆناخی دوای پەکەکە.
بڕیارە دوای ئەوەی لیژنەی داد لە پەرلەمانی تورکیا پێداچوونەوەی کۆتایی بۆ پڕۆژەکە دەکات، بخرێتە بەرنامەی کار و دەنگی لەسەربدرێت، کە دوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی، رێکارەکان دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.



