رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینی تورکیا لە گوتاری فەرمیی نوێژی هەینیدا، گرنگیی بە پڕۆژەیاسای پرۆسەی ئاشتی دا کە بووەتە رۆژەڤی سەرەکیی وڵات. لە گوتارەکەدا کە لە سەرانسەری مزگەوتەکانی تورکیادا دەخوێندرێتەوە، جەخت لەسەر یەکێتی و برایەتی دەکرێتەوە و تێیدا هاتووە: "ئایندمان بەندە بە برایەتیمانەوە."
گوتاری ئەم هەینییەی مزگەوتەکانی تورکیا بە ناونیشانی "برایەتی" بڵاوکرایەوە و تێیدا ئاماژە بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کراوە.
لە بەشێکیدا هاتووە: "لە قۆناخێکدا کە شەڕەکان بۆ ناوچەی جیاواز بڵاوبوونەتەوە، خوێن کەوتووەتە جیهانی ئیسلامییەوە و هەوڵدەدرێت وڵاتەکەمان بکێشرێتە ناو بازنەی ئاگرەوە؛ دیاریکردنی ئایندەی ئێمە بەندە بە بەهێزکردنی برایەتیمانەوە."
هەروەها گوتارەکە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هاووڵاتییان لە بەرامبەر فیتنە و لێکترازان بە هۆشیارییەوە رەفتار بکەن، پشتیوانی لە یەکدی بکەن و لە چوارچێوەی بەها نیشتمانی و مەعنەوییەکاندا کۆببنەوە تاوەکو سەقامگیری و یەکێتیی وڵات بپارێزرێت.
بەکارهێنانی ئاراستەی کۆمەڵایەتی و ئایینی لە رێگەی شوێنە ئایینییەکانەوە، وەک هەنگاوێک دەبینرێت بۆ دروستکردنی پشتگیریی کۆمەڵایەتی بۆ رەشنووسی "پرۆژەیاسای بەهێزکردنی پێکەوەژیانی نیشتمانی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی" تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بۆ پەرلەمانی تورکیا، و بەهێزکردنی کەشوهەوای ئاشتی و یەکێتیی نیشتمانی لە وڵاتەکە.
دەقی گوتاری نوێژی هەینی بۆ رۆژی 7ی ئابی 2026 لە تورکیا:
برایەتی
"موسڵمانانی بەڕێز! ئامانجی بنەڕەتیی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، دەستەبەرکردنی ئارامی و بەختیاریی مرۆڤایەتییە لەم جیهانە و لە جیهانی ئەبەدیشدا.
رێگەی دەستەبەرکردنی ئارامی و بەختەوەریش؛ لە برایەتی و بەهێزکردنی زیاتری خۆشەویستی و دۆستایەتیی نێوانمانەوە تێپەڕ دەبێت. بە جۆرێک کە پێغەمبەرمان (د.خ) وەک نێردراوی خودا، خۆشویستنی یەکتریی وەک پێویستییەکی ئیمان دەربڕیوە.
بڕوادارانی ئازیز! لە سەردەمێکدا کە جەنگەکان بۆ ناوچە جیاوازەکان تەشەنەیان سەندووە، خوێن و قووڵپەی گریان بەسەر جوگرافیای ئیسلامیدا زاڵ بووە و وڵاتەکەمان دەناڵێنێت بەدەست هەوڵەکانی پەلکێشکردنی بۆ ناو بازنەی ئاگر؛ داهاتوومان بەستراوەتەوە بە برایەتیمان.
لە نیشتمانە بەهەشتییەکەماندا کە بابوباپیرانمان بە بەخشینی گیانی خۆیان بۆیان بەجێهێشتووین؛ خۆشییەکانمان، خەمەکانمان، نزاکانمان و جیاوازییەکانمان دەوڵەمەندمان دکەەن، ئێمە دەکەنە یەک جەستە.
موسڵمانانی هێژا! وەک دوێنێ، ئەمڕۆش کەسانێک دەبن کە چاویان ببڕنە برایەتیمان، مەبەستیان زیانگەیاندن بێت لە خۆشەویستیمان و رووبەرووی یەکمان بکەنەوە.
با ئەمەمان لەبەرچاو بێت کە ئێمە کە نەک تەنیا هیواین بۆ موسڵمانان، بەڵکو بۆ سەرجەم مرۆڤە ستەملیکراوەکانیش هیواین، تاوەکو لەناو غەفڵەتدا نەبین، ئامانجەکانی دوژمنانمان لە گەروویاندا دەمێننەوە.
بەپێی فەرمانی خوای مەزن: "هەمووتان بەیەکەوە دەست بە پەتەکەی خوداوە بگرن؛ دابەش مەبن و لێک هەڵنەوەڕێن"، ئەگەر پابەندبین بە ئایین و پیرۆزییەکانمانەوە، ئاگری فیتنە و فەساد دەستی پێمان ناگات.
ئەگەر گوێ لە بانگەوازی پێغەمبەرمان (د.خ) بگرین کە دەفەرموێت: "پەیوەندی لەگەڵ یەکدی مەپچڕێنن، پشت لە یەکدی مەکەن، رق و کینە لە بەرامبەر یەکدی هەڵمەگرن، حەسودی بە یەکدی مەبەن. ئەی بڕوادارانی خودا! ببنە برا"، جوداخوازی و دووبەرەکی لەم خاکەدا شوێنی نابێتەوە. ئەگەر بەپێی فەرمانی ئیلاهیی "بڕواداران تەنیا برادەری یەكترن، کەواتە نێوانی براکانتان چاک بکەن و لە بێئەمریی خودا بپارێزن تا بەر رەحمەتی بکەون" رەفتار بکەین، هیچ کەسێک ناتوانێت ئارامیی نیشتمانەکەمان و یەکێتیی ئوممەت تێکبدات.
بڕوادارانی بەڕێز! هەموومان ئەمە دەزانین کە؛ تاوەکو دووبەرەکی نەکەوێتە گەلێکەوە، دوژمن ناتوانێت بچێتە ناویەوە.
تا دڵەکان بەیەکەوە لێبدەن، تۆپی جەنگ ناتوانێت بیانڕوخێنێت". ئەمڕۆ ئەوەی لەسەر شانمانە؛ بەرامبەر فیتنە بە بێدارییەوە، بەرامبەر دووبەرەکی بە هۆشیاریی یەکێتییەوە رەفتار بکەین، پارێزگاری لە یەکتر بکەین و چاودێریی یەکتر بکەین.
دووربکەوینەوە لە هەر شتێک کە زیان لە برایەتیمان بدات و بارگرانیی سەرشانی یەکدی سوک بکەین. کۆبوونەوە لە دەوری بەها نیشتمانی و مەعنەوییەکانمان و لەبیرنەکردنی ئەوەیە کە رەحمەت لە یەکێتیدایە و سزاش لە دووبەرەکیدایە.
برا ئازیزەکانم! کاتێک بە رەگ و ریشەی بڕوا و شارستانیەتی خۆمانەوە بپێورێین، کاتێک وەک خشتەکانی بینایەک بە تووندی بەیەکەوە بپێورێین، بەیانیانمان ئارامتر دەبێت.
گوتارەکەمان بەم ئاگادارییەی پەروەردگاری مەزن کۆتایی پێدەهێنین: "گوێڕایەڵی خودا و نێردراوەکەی ببن و لەگەڵ یەکددا ناکۆک مەبن. ئەگینا لاواز دەبن و هێز و دەوڵەتەکەتان لەدەست دەچێت. ئارامبگرن. چونکە خودا لەگەڵ ئارامگراندا بێت."


