رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، سبەی هەینی 7ـی ئابی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە سەردانێکی فەرمیی یەک رۆژە دەچێتە سعودیە و چەند کۆبوونەوەیەک دەکات.
ئەمشەو 6ـی ئابی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، راگەیێندراوێکی فەرمیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە سەردانێکی فەرمیی یەک رۆژە دەچێتە ریاز-ی پایتەختی سعودیە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا، بڕیارە ئەردۆغان لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیرانی سعودیە کۆببێتەوە.
هەر لەو گەشتەدا، سەرۆککۆماری تورکیا دیدارێکی لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان دەبێت. پێکەوە تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسە ناوچەییەکان دەکەن.
بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ریاز نوسیوویەتی: "ئەم سەردانە وەک هەوڵێکی ئەنقەرە دەبینرێت بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگییە سیاسی و ئابوورییەکان لەگەڵ ریاز و ئیسلام ئاباد."
بەپێی میدیاکانی تورکیا، ئەنقەرە هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەشدار بێت لەو هاوپەیمانییە دووقۆڵییە سەربازییەی ریاز و ئیسلامئاباد. هەروەها دوایین پێشهاتەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران بەشێک دەبێت لە رۆژەڤی گفتوگۆی ئەم سێ وڵاتە لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و چارەسەرکردنی قەیرانی وزەی جیهان.


