رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا سەبارەت بە "پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی" رایگەیاند، ئەو پڕۆژەیاسایە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی بنەما یاساییەکان و ئامانجی پرۆسەی چارەسەری و بنیاتنانی تورکیایەکی بەهێزە، کە ئاسایش، ئارامی و برایەتی تێیدا بەردەوامبێت.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی پرۆسەی لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن و سزادان رێکدەخاتەوە، بەڵام هەموو کەسێک ناگرێتەوە.
گورلەک گوتی، "مەرجی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، کۆتاییهاتنی تەواوەتیی بوونی پەکەکە و تێکدان و لەناوبردنی تەواوی چەک و تەقەمەنییەکانیەتی بەشێوەیەک کە نەگەڕێندرێنەوە".
لەبارەی ئەوەی کە ئەم یاسایە کێ دەگرێتەوە، گورلەک رایگەیاند، "هیچ پێگەیەکی تایبەت بۆ هیچ کەسێک دەستنیشاننەکراوە و ئەوانەی رێنوێنیی هێرشی تیرۆریستییان داوە یان هێزە ئەمنییەکانیان شەهیدکردووە ئەم یاسایە نایانگرێتەوە."
گورلەک ئاماژەی بەوەشکرد، چاودێریکردنی پرۆسە چەکداماڵینەکە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەکرێت و دواتر لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاوە پشتڕاستدەکرێتەوە و لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە.
وەزیری دادی تورکیا جەختیکردەوە کە لەم پرۆسەیەدا لیژنەیەک بەسەرۆکایەتیی یاریدەدەری سەرۆککۆمار و کۆمیسیۆنێکی چاودێری لە پەرلەمانی تورکیا دروستدەکرێت، تاوەکو سەرپەرشتی رێکارەکانی چاودێریبکەن.
وەزیری داد گوتیشی، "ئەم هەنگاوە نەک تەنیا ئاسایشی تورکیا، بەڵکو دەبێتە هۆی دروستبوونی سووریایەکی بێتیرۆر، عێراقێکی سەقامگیرتر و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی ئارامتر."
پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری و لە 12 ماددە پێکهاتووە، بەشێکە لە هەنگاوە یاساییەکانی تورکیا لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری.



