رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی زەفەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رەخنەی توندی لە پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی گرت، کە لەلایەن هاوپەیمانیی گەل (ئاکپارتی و مەهەپە) پێشکێشی پەرلەمانی تورکیاکراوە و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە لەجیاتی بەدەستهێنانی ئاشتی، تەواوی پڕۆسەکە تەسلیمکردنی وڵاتە بە تیرۆر.
ئومید ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زەفەر گوتی، "مانگی ئاب لە مێژووی تورکەکاندا مانگی سەرکەوتنەکان بووە، بەڵام هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار لە ئابی 2026ـدا بەم رێککەوتنە دان بەوەدادەنێت کە دەوڵەت نەیتوانیوە بەسەر رێکخراوێکدا زاڵبێت، لەکاتێکدا رێکخراوەکە چەکی دانەناوە و لە عێراق، ئێران و سووریا چالاکە."
ئۆزداغ بانگەشەی ئەوەشیکرد کە "عەبدوڵڵا ئۆجەلان" پێش پەرلەمانتاران رەشنووسی پڕۆژەیاساکەی بینیوە و پەسندیکردووە، ئەمەی بە هەنگاوی یەکەم بۆ دامەزراندنی "کۆماری دیموکراتیک" و دروستکردنی ناوچەی خۆبەڕێوەبەری وەسفکرد.
سەرۆکی پارتی زەفەر داوای لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی نوێکرد کە نەبنە بەشێک لەم پڕۆسەیە و دەنگ بە پڕۆژەیاساکە نەدەن.
ئۆزداغ دەستخۆشیی لە فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاه و موساڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی کرد بۆ دژایەتیکردنی پڕۆژەکە و داوای لە هاووڵاتییان کرد شەممە بە ئاڵای تورکیاوە لە پارکی گۆڤەن لە ئەنقەرە کۆببنەوە.
چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، رەشنووسی پڕۆژەیاسای "بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی" کە تایبەتە بە پڕۆسەی چارەسەری، بە واژۆی 360 پەرلەمانتار پێشکێشی پەرلەمانی تورکیاکرا.
هەینی، 7ـی ئابی 2026، لیژنەی دادوەری لە پەرلەمانی تورکیا تاوتوێی پڕۆژەیاساکە دەکات و پاشان بۆ دەنگدان رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکرێت.



