رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی لە کاژێرێک یان قۆناخێکی کورتدا تەواونابێت، ئەم هەنگاوانەی ئێستا بۆ ئەوە دەنرێن تاوەکو سەدەی داهاتوو بە هاوبەشی بنیاتبنرێن و دەرگای قۆناخێکی سیاسی و یاسایی لەبەردەم تورکیا کراوەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی لە ئەنقەرە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی لەبارەی "پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی" سازکرد، کە رەشنووسەکەی پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا کراوە و رایگەیاند، سەرجەم پەرلەمانتارانی پارتەکەیان واژۆیان لەسەر رەشنووسی پڕۆژەیاساکە کردووە.
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بە جیاوازیی ئەم پڕۆژەیاسایە لەگەڵ یاساکانی رابردوو کرد و گوتی، "لە رابردوودا بەشێک لە رێکخستنە یاساییەکان لەسەر بنەمای پاشگەزبوونەوەی تاکەکەسی، دانپێدانان یان زانیاریدان دامەزرابوون، بەڵام هیچ کامیان نەبوونە چارەسەر و ئازارەکانیان قووڵترکردەوە. بۆ یەکەمجارە ئەم پڕۆژەیاسایە تێڕوانینێکی تێدایە کە رەوشی بەکۆمەڵی دوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخراو و چەکداماڵین رێکدەخات. ئەم پڕۆژەیاسایە، لەبری ئەوەی خەڵک ناچار بە پەیوەندییەکی شەرمەزارکەر و پاشگەزبوونەوەبکات، بڕیار لەسەر دەرئەنجامە یاساییەکانی کۆتاییهاتنی ململانێ چەکدارییەکان دەدات."
دۆغان هەروەها رایگەیاند کە ئەم پڕۆژەیاسایە بەتەواوی ئاریشەکان لە یەک ساتدا چارەسەرناکات، بەڵکو سەرەتایەکی گرنگە بۆ گەڕانەوە و تێکەڵبوونی دیموکراتییانە و گوتی، "ئەمە تەنیا بەرپرسیارێتیی دەم پارتی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتیی تەواوی ئۆپۆزیسیۆن و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیایە کە دەبێت بە هاوبەشی بەو دەرگایەدا تێپەڕین و ئاشتی بەدەستبهێنین."
"پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی" کە تایبەتە بە پڕۆسەی چارەسەری، چوارشەممە، بە واژۆی 360 پەرلەمانتار پێشکێشی پەرلەمانی تورکیاکرا.
رەشنووسەکە رێکارە یاساییەکانی کۆتاییهاتنی توندوتیژی، چەکداماڵین و گەڕانەوەی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستنیشاندەکات.


